Accessibility links

تورکیا داوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا دەکات


تورکیا داوای گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئەمەریکا کرد بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە نوێیەکان سەبارەت بە کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئاسمانی ڕوسی لەلایەن ئەنقەرەوە و داوای لە واشنتن کرد سزاکان بخاتە لاوە.

وەزیری بەرگری تورکیا خەڵوسی ئاکار لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی بیانی وتی " ئێمە باوەڕمان بە پێویستی گفتوگۆ و گفتوگۆکردن هەیە. بەبێ گفتوگۆکردن و لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی وەکو سزا و لێدوانی هەڕەشە ناتوانین بە هیچ ئەنجامێک بگەین."

بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە تورکیا دانوستان دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەشی دووەمی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی ئێس 400.

واشنتن دەرکردنی هەر مۆڵەتێکی بۆ هەناردەکردنی چەک بۆ حکومەتی تورکیا قەدەغەکردووە، ئەوەش وەکو سزایەک لەبەرامبەر کڕینی سیستمی موشەکی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە. ئەمەش بەپێی یاسایەک بوو کە لە ساڵی 2017 دا کۆنگرێسی ئەمەریکا " بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لەڕێی سزاکانەوە " پەسەندی کرد. هەروەها پێش سزاکانیش ئەمەریکا تورکیای لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی ئەمەریکا ئێف 35 دەرکرد.

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا دەڵێت ئەم سیستمە موشەکیە ڕوسیە لەگەڵ سیستمی بەرگری موشەکی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ناگونجێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG