Accessibility links

کاریگەرییەکانی دادگاییکردنی ترامپ لەسەر هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدە


دەنگدانەکەی سیناتی ئەمریکا لەسەر دۆسێی لەکارلادانی سەرۆک ترامپ، هەستی سەرکەوتنی بە سەرۆکی ئەمریکا بەخشی، بەتایبەتیش پاش ئەوەی سەرۆکی دادگای باڵا بڕیارەکەی خوێندەوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "بردیانم تا دوا قۆناغی پرۆسەی لەکار لادانم. بەڵام ئێستا خاوەنی ئەو وشە هەرە جوانەین. هەرگیز نەمزانیبوو وشە هەیە ئەوەندە خۆش و جوان بن، پێی دەڵێن بەتەواوەتی بێتاوان، بە تەواوەتی بێتاوان."

هەر تەنها یەک ڕۆژ پاش ئەوەی گوناهبارکردنەکانی لەسەر لادران، سەرۆک ترامپ وەک دەڵێت لە کۆشکی سپی ئاهەنگێکی گێڕا و ستایشی کۆمارییەکانی کۆنگرێسی کرد. هەر لەو ئاهەنگ گێڕانەی کۆشکی سپیدا دانۆڵد ترامپ ڕۆژنامەیەکیشی بەرزکردەوە کە بە مانشێت نوسیبووی "سەرۆک بێتاوانە."

سەرۆک ترامپ لە مەڕاسیمەی کۆشکی سپیدا وتی "ئەمە بەڕاستی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی نییە، وتاردانیش نییە، هیچ شتێک نییە، بەڵکو ئاهەنگ گێڕانێکە چونکە شتێکمان بەدەستهێناوە، بە دۆزەخێکدا تێپەڕین، ناڕەوا بوو، هیچ شتێکی هەڵەم نەکردووە. بەڵێ لە ژیانمدا شتی هەڵەم کردووە، دانی پێدا دەنێم، بەڵام بە مەبەست نەبوون و دانی پێدا دەنێم هەڵەم کردوون، وەلێ ئەمە بەرەنجامی کۆتاییەکەیەتی."

سەرۆک ترامپ لە لێدوانەکەیدا هاوکاتی بۆنەی نوێژ و نزای خوانی بەیانی، هەندێک لە دیموکراتەکانی بە گەندەڵکاری سیاسی ناودێرکرد و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاشی وەک کەسایەتییەکی خراپ ناودێرکرد.

نانسی پیلۆسی، دەڵێت نزای خێر بۆ سەرۆک ترامپ دەکات و دەڵێت "نازانم ئەگەر سەرۆک لە نوێژ و نزا یان لەو خەڵکەی نوێژ و نزا دەکەن، تێدەگات یان نا. ئێمە نوێژ و نزای خۆمان بۆ ئەمریکا دەکەین، نوێژ و نزا بۆ خۆی دەکەین، بۆ سەرۆک بوش، بۆ سەرۆک ئۆباما، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورە و قورسە. نوێژ و نزا بۆ ترامپیش دەکەم چونکە لە دەستور و بەهاکان و وڵاتەکەمان لایداوە و هەروەها نزا دەکەین بایەخ بەو هەوایە بدات کە مناڵەکانمان هەناسەی پێدەدەن، بە ئاوی خواردنەوەیان و بە هەموو شتێک، بەڕاستی پێویستی بە نزاکانمانە و دەشتوانێت چیی دەوێت بیڵێت."

لە پرۆسەی دادگاییکردنی سەرۆک ترامپ لە سیناتی ئەمریکادا تەواوی ئەندامانی دیموکراتەکان کە کەمینەن دەنگیان دا بە لادانی سەرۆک ترامپ لە پۆستەکەی. لەناو کۆمارییەکانیشدا کە زۆرینەی ئەندامانی سیناتن، تەنها سیناتۆر مت ڕۆمنی دەنگی دا بۆ لادانی سەرۆک ترامپ.

سیناتۆر چەک شومەر، ڕێبەری دیموکراتەکان لە سیناتدا دەڵێت "ناکرێتپشتیوانی لە سەرۆک بکەیت و لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی لە ڕاستی بکەیت. جا ئەگەر ئێمە سەروەری وڵاتمان دەوێت ئەوا دەبێت ڕاستی هەڵبژێرین."

ئەم دۆسێی لەکارلادانەی سەرۆک ترامپ لە ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادایە. سەرۆک ترامپ لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا هەوڵی دەدا تا لە هەڵبژاردندا دەنگی زیاتر بۆخۆی کۆبکاتەوە

لە وتارە ساڵانەکەیدا سەرۆک ترامپ ئاماژەی بە بەرەوپێشچونەکانی ناو ئەمریکای کرد " دوژمنانی ئەمریکا لە خۆ دەربازکردندان، سامانەکانی ئەمریکا لە زۆربووندان، ئایندەی ئەمریکا هەروادێ و زیاتر دەدرەوشێتەوە، ساڵانی ئابوری خراپ کۆتاییان پێهات."

جۆن فۆرتایر
جۆن فۆرتایر

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان هاوکاتی هەروادێ و نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەشێت ترامپ بتوانێت سود لە ئابوری بەهێزی ئەمریکا ببینێت، بەڵام وەک جۆن فرۆتایر، لە نێوەندی بایپارتیسان پۆلیسی دەڵێت هەر ئەوەندە بەس نییە بەڵکو سەرۆک ترامپ کاری زیاتریشی لە پێشە بیانکات "هێشتاش پێویستە سەرۆک ڕێژەی پەسەندکردنی کارەکانی بەرز بکاتەوە، هەرچەندە ڕێژەی پەسەندکردنەکەی کەم نییە و هەروەها هەندێک لایەنی بەهێزیشی هەن."

بەرەنجامی هەوڵەکان بۆ لەکارلادانی سەرۆک ترامپ وەک شیکەرەوە دەڵێن دەشێت لە مەودایەکی کورتخایەندا پاشەکشەیەک بێت بۆ دیموکراتەکان، بەڵام شیانی ئەوەشی هەیە هاندەرێک بێت بۆ لایەنگرانی دیموکراتەکان تا بە ڕێژەیەکی زۆر بەشداری لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی سەرۆکایاتی ئەمریکادا بکەن.

ئالن لیچمان لە زانکۆی ئەمریکایی دەڵێت "جا پێموایە دیموکراتەکان ئەگەر شتێک بکەن ئەوا توڕەیی و ناڕەزاییان دەبێت، گوڕێکیان دەداتێ و دەڵێن، باشە خۆت وتووتە هەڵبژاردن چارەسەرە، ئێمەش ئەو چارەسەریە جێبەجێدەکەین و خۆمان لە دانۆڵد ترامپ ڕزگار دەکەین."

دوابەدوای دەنگدانەکەی سیناتی ئەمریکا بۆ لەکارلادانی سەرۆک ترامپ. خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو دەنگدانە کران لە زۆرێک لە شارە سەرەکییەکانی ئەمریکادا وەک نیویۆرک، بۆستن و فێلادلفیا، سان ئەنتۆنیۆ و ئۆرلاندۆ و چەندان شوێنی تریش.

لە دەرەوەی باڵەخانەی کۆنگرێسیش، خۆپیشاندەران ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی لەسەر بێتاوان کردنی سەرۆک ترامپ لەو گوناهبارکردنانەی ڕووبەڕووی کرابوونەوە.

XS
SM
MD
LG