ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەندکرد تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا لێکۆڵینەوەکان ئەنجامبدرێن لە بارەی سەرۆک ترامپ کە ئایە دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە یان نا.
ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە دەنگدانێکدا بە دەنگی 232 بەرامبەر 196 بڕیارەکەی پەسەندکرد. ئەگەربێت و ئەو لێکۆڵینەوانە بگەنە ئەو ئەنجامەی سەرۆک ترامپ کاری نایاسایی کردووە، ئەوا شیانی هەیە لە دەنگدانێکی دیکەی ئەنجومەنەکە متمانەی لێبسەنرێتەوە.
نانسی پیڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گوتی بەم بڕیارە کۆمیتەی هەواڵگری سەر بە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت لێکۆڵینەوە و دانیشتنەکانی لەم بارەیەوە بە ئاشکرایی ئەنجام بدات تاوەکو خەڵکی بە چاوی خۆیان ڕاستیـیەکان ببینن.
دەشڵێت"ئەمەریکایـیەکان بەمە دەتوانن گوێبیست بن چۆن سەرۆک دەسەڵاتەکانی خۆی ڕاستەوخۆ بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە."
سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسی ئەمە" گەورەترین تاوانبارکردنی ناڕەوایە لە مێژووی ئەمەریکادا."
کۆشکی سپـیش گوتی ئەمە هەوڵێکی ناڕەوای دیموکراتەکانە بۆ لابردنی سەرۆک ترامپ لە دەسەڵات.