Accessibility links

نیویۆرک تایمز: کارمەندێکی CIA پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیای ئاشکراکردووە


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت ئەو کەسەی پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی هاوتا ئۆکرانیـیەکەی ئاشکراکردووە، کارمەندێکی دەزگای CIA یە و لە کۆشکی سپی کاری کردبوو.

ڕۆژنامەکە دەڵێت 3 کەس دەزانن کەسەکە کێـیە و دەڵێن بۆ ماوەیەک لە کۆشکی سپی کاری کردبوو و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ دەزگاکەی.

بەپـێی ڕۆژنامەکە، کارمەندەکەی CIA کە لە 12 مانگی هەشت سکاڵای لەسەر ئەو پەیوەندیـیە تۆمارکردبوو و دوێنێ پـێنجشەممە ئاشکراکرا، ڕاهێنانی پـێکراوە لەسەر شیکردنەوەی زانیاریـیەکان وە بە وردی ئاگای لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە سەبارەت بە ئەوروپا و بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە ئۆکرانیا.

کارمەندەکە ئاماژەی کردووە کە ڕاستەوخۆ ئاگاداری پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکە نەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریـیەکان لە نێوان دەزگا هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا پێی زانیوە.

بەپـێی یاساکانی ئەمەریکا ناوی ئەو کارمەندانە ئاشکرا ناکرێن کە زانیاری دەدەن لەسەر ئەو سەرپـێچیانەی دەکرێن لەلایەن کارمەندان و بەرپـرسانی حکومەتەوە، بەڵام ڕەنگە لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا گەواهی خۆی بدات، بۆیە شیانی هەیە لەوێ ئاشکراببێت.

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ لە 25 ی مانگی حەوت پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجام دابوو و تیایدا هانی دەدات دادوەری ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە بکات تاوەکو بزانرێت ئایە جۆ بایدن جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا بووەتە هۆی ڕاگرتنی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کوڕەکەی (هەنتەر بایدن) یان نا.

هەنتەر بایدن لە ساڵی 2014 وە هەتا ساڵی 2019 لە دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گازی سروشتی ئۆکرانیا کاری کردبوو.

XS
SM
MD
LG