Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوای سزای مەرگ بۆ تاوانکارانی کۆمەڵکوژی دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە وەزارەتی دادی وڵاتەکەی کرد پـرۆژە یاسایەک ئامادەبکەن کە تیایدا سزای مەرگ بسەپـێنرێت بەسەر ئەو کەسانەی تاوانی ڕق‌وکینە و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپی وتارێکی پـێشکەش کرد سەبارەت بۆ هەردوو ڕووداوەکەی تەکساس و ئۆهایۆ کە تیایاندا 29 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە برینداربوون.

گوتی ئەوانەی ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن دەبێت زوو بڕیاری سزای مەرگیان بۆ بدرێت و بە خێرایی جێبەجێ بکرێت وە نەک بۆ چەند ساڵێک جێبەجێکردنەکەیان دوابخرێت.

گوتیشی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی داوای لە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI کردووە دەستنیشانی بکەن کە چیان پـێویستە بۆ ڕێگەگرتن لە تاوانی ڕق‌وکینە و تێرۆری ناخۆ.

ئاماژەی بۆ مەترسیـیەکانی ئنتەرنێت کرد، بە تایبەتی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، گوتی بوونەتە ئامرازێک بە دەست کەسانی خراپەکارەوە. هەروەها باسی لەو یاریـیە ئەلیکترۆنیانەش کرد کە توندوتیژیان تێدایە و کارێکی خراپ دەکەنە سەر دەروونی گەنجان.

داواشی لە وەزارەتی داد کرد پـێکەوە لەگەڵ دەزگاکانی خۆجێـی و فیدراڵی و کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا کاربکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیانەی دەتوانرێت بەهۆیانەوە ئەو کەسانە دەستنیشانبکەن کە نیازی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیـیان هەیە.

هەروەها فەرمانی بە دەزگاکانی حکومەت کرد ڕێگە نەدەن ئەو کەسانەی جێی مەترسین بۆ سەر سەلامەتی گشتی دەستیان بە چەک بگات.

داواشی لە یاسادانەرانی کۆماری و دیموکرات کرد پـێکەوە کاربکەن بۆ ڕێگەگرتن لەم جۆرە تاوانانە.

XS
SM
MD
LG