ژمارەیەک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا سکاڵای یاسایـیان تۆمارکردووە لە دژی سەرۆک ترامپ و دەڵێن بە بڕیاری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵات دەستوری پـێشێلکردووە.
ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، نیویۆرک، مێریلاند، ڤێرجینیا، مەین، میننەسۆتا، نیڤادا، نیوجێرزی، نیومەکسیکۆ، ئۆرگن، مێشیگن، کۆلۆرادۆ، کەنێتێکت، دەلەوێر، هاوایی، ئیلینۆی، دوێنێ دووشەممە سکاڵا یاسایـیەکەیان ڕاگەیاند کە لە 57 لاپەڕە پـێکهاتووە و بەرزیانکردووەتەوە بۆ دادگای فیدراڵی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.
لە سکاڵاکەدا هاتووە سەرۆک ترامپ بەو بڕیارەی دوو بەندی دەستوری وڵاتەکەی پـێشێلکردووە، یەکەمیان پەیوەستە بە ڕێوشوێنە یاسایـیەکان و دووەمیان پەیوەستە بە دەسەڵاتی کۆنگرێس لەوەی خاوەن بڕیاری کۆتایییە لە خەرجیـیەکانی دەوڵەت.
باس لەوەش دەکەن هیچ پاساوێک بۆ ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ نیـیە و دەڵێن وەزارەتی دەرەوە دانیناوە بەوەی هیچ بەڵگەیەک نیـیە بیسەلمێنێت تێرۆرستان سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە بەکاردەهێنن بۆ هاتنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن ئامارەکانی حکومەتی فیدراڵی نیشانی دەدەن کۆچبەران کەمتر تاوان ئەنجام دەدەن بەراورد بەو ئەمەریکایـیانەی لە وڵاتەکەدا لەدایکبوون.
زۆربەی دیموکراتەکان و تەنانەت ژمارەیەک لە سیناتۆرە کۆماریـیەکانیش ڕەخنە لەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ دەگرن، دەڵێن ئەمە ڕێگە خۆشدەکات لەبەردەم سەرۆکانی داهاتووی ئەمەریکا لەوەی هەموو جارێک پەنا بۆ ئەم یاسایە بەرن کاتێک لەگەڵ کۆنگرێس لەسەر بابەتێک ناکۆک دەبن.
ئەگەربێت و سکاڵای ئەم ویلایەتانە قبوڵبکرێت، ئەوا کەیسەکە ڕەوانەی دادگای باڵا دەکرێت کە خاوەن بڕیاری کۆتایییە.