Accessibility links

سەرۆک ترامپ وتاری ساڵانەی لەسەر ڕەوشی وڵات دووا دەخات


سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت وتاری ساڵانەی لەسەر ڕەوشی وڵات دووا دەخات هەتا ئەو کاتەی کۆنگرێس بابەتی داخستنی بەشێک لە کارەکانی حکومەت چارەسەر دەکات.

ئێوارەی چوارشەممە سەرۆک ترامپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند " من بە دوای شوێنێکی تر بۆ وتاری ساڵانە لەسەر ڕەوشی وڵات ناگەڕێم چونکە هیچ شوێنێک نییە لە ڕووی مێژوو و نەریتەوە بتوانێت بە ئەندازەی ئەنجومەنی نوێنەران گرنگی هەبێت، چاوم لەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا وتارێکی گرنگ لە سەر ڕەوشی وڵات پێشکەش بکەم."

پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاند بەردەوامە لە پـلانەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی وتارێکی تەلەفیزیۆنی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لەسەر ڕەوشی وڵات لە ئێوارەی 29 ی مانگی یەک.

کاربەدەستانی کۆشکی سپی ڕاشیانگەیاند، پلانی ئالتەرناتیڤیش هەن بۆ پیشکەشکردنی وتارەکە کە لە شوێنێکی ترەوە پێشکەش بکرێت لە ناویاندا لە کۆبونەوەیەکی سیاسیدا.

جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی هۆگان جیدلی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند " نانسی پـلۆسی بۆی نیـیە بە سەرۆک بڵێت کەی و لە چ کاتێک بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکا قسە بکات."

لە هەفتەی ڕابردوو پـلۆسی داوای لە ترامپ کرد وتارەکەی دوابخات یان بیدات بە یاسادانەران. ئەو نیگەرانی لەمەڕ ئاسایشی دەربڕی، ئاماژەی بەوە کرد بەشێک لە دەزگای پاراستنی کاربەدەستە باڵاکانی ئەمەریکا و وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی بەر داخستنەکەی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا کەوتوون کە لە کۆتایی مانگی دوازدەوە بەردەوامە.

کۆشکی سپی نکوڵی لەوە دەکات هیچ گرفتێک هەبێت بۆ دابینکردنی ڕێوشوێنی ئاسایشی ئەو ڕێوڕەسمە، سەرەڕای داخستنی هەندێک لە دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا.

لە هەنگاوێکدا کە وەکو تۆڵەکردنەوە دژ بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دادەنرێت ترامپ ڕێگەی نەدا پـلۆسی فڕۆکەی لەشکری ئەمەریکا بەکاربهێنێت بۆ گەشتێکی شاندێکی کۆنگرێس بۆ سەردانیکردنی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG