بە پێی ڕاوەرگرتنێکی گشتی ژمارەی ئەو ئەمەریکاییانەی کە سەرۆک ترامپ تاوانبار دەکەن بە داخستنی بەشێک لە دەزگاکانی حکومەت لەم هەفتەیەدا زیادیکردووە هەرچەندە زۆربەی کۆمارییەکان پشتیوانی لە پەسەند نەکردنی بودجە دەکەن بەبێ تەرخانکردنی بودجە بۆ دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری ئەمەریکا و مەکسیک.
ڕاوەرگتنی نیشتمانی کە لە 1 هەتا 7 ی مانگ ئەنجام درابوو، ئەوە نیشان دەدات لەسەدا 51 ی بەشداربوانی تەمەن لە 18 ساڵ بەسەرەوە لەو بڕوایەدان ترامپ تاوانباری سەرەکیـیە لە پەکخستنی کارەکانی حکومەتە کەوا 19 ڕۆژە بەردەوامە. ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی پێشووتر لە سەدا 4 بەرزبۆتەوە.
لەسەدا 32 ی بەشداربوانیش دیموکراتەکانی کۆنگرێس تاوانبار دەکەن بۆ ئەو داخستنە و لەسەدا حەوتیش کۆمارییەکانی کۆنگرێس تاوانبار دەکەن.
ترامپ دەڵێت داخستنی بەشێک لە دەزگاکانی حکومەت بەردەوام دەبێت هەتا ئەو کاتەی کۆنگرێس بودجە بۆ بەربەستی نێوان سنووری ئەمریکا و مەکسیک پەسەند نەکات.
سەرۆک داوای نزیکەی شەش ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە بۆ دروستکردنی دیوارەکە و ڕێبەرانی دیموکراتەکانیش لە کۆنگرێس ئامادەنین ئەو پارەیە پەسەند بکەن و دەڵێن ئەم ڕێگەیە کاریگەری نییە بۆ پاراستنی سنوور.
پشتیوانی گشتی بۆ ئەو دیوارە بە شێوەیەکی بەرچاو لەماوەی چەند ساڵی ڕابردۆوە گۆڕاوە لە کاتێکدا ئەمە بۆتە خاڵی سەرەکی ئەجێندای ترامپ. بە پێی ڕاوەرگرتنە گشتییەکە لەسەدا 12 ی پشتیوانی لە دروستکردنی دیواری سنوور یان بەربەست دەکەن ئەم ڕێژەیە لە یەکەم هەفتەی ساڵی 2015 لەسەدا 41 بوو.
ئەم ڕاوەرگرتنەی ڕۆیتەرز لە سەر ماڵپەڕی ئینگلیزی لە سەرانسەری ئەمەریکا کراوە. 2،203 کەس تیایدا بەشدارییان کردووە لە ناویاندا 722 کۆماری و 867 دیموکرات.
بەهۆی پەکخستنی بەشێک لە کارەکانی حکومەت زیاتر لە دوو هەفتەیە نزیکەی 800 هەزار کارمەندی حکومەت لە کارەکانیان ڕاگیراون یان بەبێ موچە کار دەکەن.