Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی بوجە بۆ بنیاتنانی دیواری سەر سنووری مەکسیک


بەڕێوەبەرایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وا فشاری توند دەکات بۆ ئەوەی مەسەلەی سنووری باشوری وڵات لەگەڵ مەکسیک بە قەیرانێکی مرۆیی و ئاسایشی نیشتمانی وێنا بکات، ئەمەش لە پێناو ئەوەی بوجە بۆ بنیاتنانی ئەو دیوارە بەربەستە سنووریە بەدەست بێنێت، ئەو کارەی ململانێی لەگەڵ یاسادانەرانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە مایەی داخستنی نیمچەیی دامودەزگاکانی حوکمەتی فیدراڵی، کە ئەمڕۆ سێشەممە پێیناوەتە 18 هەمین رۆژەوە.

بڕیارە سەرۆک ترەمپ شەوی سێشەممە لە وتارێکی پەخشی تەلەفیزیۆنی بۆ وڵات ، مەسەلەی دابینکردنی بوجە بۆ بنیاتنانی ئەو دیوارە بەربەستە سنووریە بکاتە تەوەرەی وتارەکەی. ئەمەش بەر لەوەی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سەرۆک ترەمپ سەردانی ئەو ناوچە سنووریەی نێوان ئەمەریکا و مەکسیک بکات.

سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سەنات " چەک شومەر" رۆژی دووشەمە لە نیویۆرک گوتی" ئەگەر کۆنگرێس مل بۆ داواکەی سەرۆک ترەمپ کەچبکات پەیوەست بە دابینکردنی بوجە بۆ بنیاتنانی دیواری سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک، ئەوە کارەساتی لێدەکەوێتەوە" . دەشڵێت ئەمە شیوازی بەڕێوەبردن نییە و پێداگری بکەیت و زیان بە ملیۆنەها کەس بگەیەنیت ، ئەگەر ئەوەی سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بەدەستی نەهێنێت . هەروەها دەشڵێت دەستورمان وا ناڵێت. سەنەتۆر چەک شومەر ئاماژەی بەوە کرد و گوتی ئەو کاتەی کۆماریەکان زۆرینەبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران و سەناتدا ، سەرۆک ترەمپ نەیتوانی مەسەلەی بنیاتنانی ئەو دیوارە سنووریە بەربەستە تێپەڕێنێت ، چونکە کۆماریـیەکان زانیان ئەوە بیرۆکەیەکی خراپە. بەڵام ئێستا سەرۆک ترەمپ حوکمەتی ئەمەریکای بە نیمچەیی لە کارخستوە و چیتر کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش زۆرینە نین.

XS
SM
MD
LG