Accessibility links

نیازی سەرۆک ترامپ بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بە ئامانجی دروستکردنی دیواری سەر سنووری مەکسیک


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت تاووتوێی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەکە دەکات بە ئامانجی دابینکردنی پارە بۆ دروستکردنی ئەو دیوارەی دەخوازێت لەسەر سنووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک هەبێت بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە کۆچبەرانی نایاسایی.

بەڵام لێرەدا پـرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئایە سەرۆک دەتوانێت بۆ دروستکردنی دیوارێک باری نائاسایی لە وڵات ڕابگەیەنێت؟
وەڵامێکی کورت، بەڵێ دەتوانێت.

ترامپ وەک سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی هەیە باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا ڕابگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ئەو دەسەڵاتە زۆرەی نەبێت کە دەبێت سەرۆک لە کاتی باری نائاسایی ڕاستەقینەدا هەیبێت.

لە ساڵی 1976 کۆنگرێسی ئەمەریکا یاسای باری نائاسایی پەسەندکرد کە تیایدا هاتووە ئەگەر سەرۆکی وڵات باری نائاسایی ڕاگەیاند ئەوا کۆنگرێس لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. بەمەش دەبێت سەرۆک ترامپ کۆنگرێس و جەماوەر ئاگاداربکاتەوە لەو دەسەڵاتانەی لە کاتی باری نائاسایـیەکە دەیبێت. هەروەها دەبێت هەموو شەش مانگ جارێک کۆنگرێس کۆببێتەوە تاوەکو بڕیار بدات ئایە باری نائاسایـیەکە بەردەوامبێت یان نا.

لە ئێستادا دۆخە ئەوە دەهێنێت سەرۆک باری نائاسایی بۆ ڕابگەیەنێت؟

ترامپ ڕۆژی یەکشەممە گوتی لە سنووری باشوری وڵاتەکەوە کەسانی تاوانکار دێن کە تیایاندایە بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن، ماددە هۆشبەرەکان دێن. گوتیشی هەندێک شت ڕوودەدەن تەنانەت هەر ناتەوێت لە بارەیانەوە بزانیت. بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کردووە تێرۆرستان لە مەکسیکەوە سنوور دەبەزێنن و دێنە ناو خاکی ئەمەریکاوە. بەڵام ڕەخنەگران ئەوە قسانە ڕەتدەکەنەوە، دەڵێن هەتا دێت و ژمارەی ئەوانەی بە نایاسایی ڕوو لە ئەمەریکا دەکەن کەمتر دەبنەوە.

پارە بۆ دروستکردنی دیوارەکە لە کوێوە دەکرێت دابینبکرێت؟

بەهۆی ناڕەزایی توندی دیموکراتەکان لەسەر دورستکردنی ئەو دیوارە ڕەنگە کۆنگرێس نەتوانێت پارەکە دابینبکات. ڕێگەیەکی دیکە هەیە بۆ بەدەستهێنانی پارەکە، ئەویش بەکارهێنانی باری نائاسایی لەشکری کە ڕێگە بە وەزیری بەرگری دەدات فەرمان بە دروستکردنی دیوارەکە بکات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرێس.

کۆنگرێس دەتوانێت چی بکات؟

کۆنگرێس دەتوانێت بڕیاری ڕاگەیاندنی نائاسایی سەرۆک هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش بە ڕەزامەندی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات، بەڵام ئەمەش لە ئێستادا کارێکی قورسە، بەوپـێـیەی کۆماریـیەکان کە لەگەڵ خواستی سەرۆکدان بۆ دروستکردنی دیوارەکە، زۆرینەن لە ئەنجومەنی سینات.

جگە لەوە ڕەنگە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ڕووبەڕووی کۆسپـێکی زۆر ببێتەوە لە ڕێگەی دادگاوە.

XS
SM
MD
LG