Accessibility links

سەرۆک ترامپ هۆشداریەکی زۆر توند بە کۆریای باکور دەدات


فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری B-1B لە بنکەی هێزی ئاسمانی ئەندرسنی ئەمەریکا لە دورگەی گوام ، 26 ی مانگی حەوتی ساڵی 2017

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداریـیەکی نوێ و زۆر توندی بە کۆریای باکور داوە، دەڵێت ئەگەربێت و پـیۆنگیانگ بە ژیرانە مامەڵە نەکات ئەوا ئاکامی خراپی بەسەر ڕژێمەکەیدا دێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" چارەسەرە لەشکریـیەکان بە تەواوی دانراون و بۆ جێبەجێکردن ئامادەن، ئەگەر کۆریای باکور بە ناژیرانە ڕەفتار بکات. هیوادارم کیم جۆنگ ئون ڕێگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە!"

پاشان تویتێـکی فەرماندەیەتی هێزی ئەمەریکا لە پاسفیکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا نووسراوە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری B-1B لە دورگەی گوام ئامادەکراوە.

بۆمبهاوێژی B-1B یەکێـکە لە فڕۆکە پـێشکەوتووەکانی ئەمەریکا کە خێرایـیەکەی دەگاتە نزیکەی 2500 کیلۆمەتر لە کاژمێرێـکدا و لە توانایدایە بۆمبی زۆر بەهێز هەڵبگرێت.

پـێشتر سەرۆک ترامپ هۆشداری بە کۆریای باکور دا کە چیتر هەڕەشە لە ئەمەریکا نەکات، ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی گورزێـکی وەها دەبێتەوە کە هەرگێز جیهان پـێشتر نەیدیبێت.

بەڵام کۆریا باکور هەڕەشەی توندی کرد و گوتی لەشکر ئامادەن بۆ لێدانی چەند ئامانجێک لە نزیک بنکە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا لە دورگەی گوام.

XS
SM
MD
LG