Accessibility links

سەرۆک ترامپ لەگەڵ فەرماندەکانی لەشکر کۆدەبێتەوە و دەڵێت "لە ئارامی بەر لە زریان دەچێت"


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە کۆشکی سـپی سازکرد کە وەزیری بەرگری و فەرماندەکانی لەشکر و چەند کاربەدەسـتێکی باڵا تیایدا بەشداربوون.

کۆبوونەوەکە پاش نیوەڕۆی پـێنجەشەممە بەڕێوەچوو بۆ تاووتوێکردنی هەڕەشەکانی کۆریای باکور و چۆنیەتی ڕێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

سەرۆک ترامپ بە پەیامنێرانی گوت " ئەزانن ئەمە چیـیە؟ ڕەنگە ئارامی بەر لە زریان بێت" . گوتیشی " چ جۆرە زریانێـک؟ دوایی دەیزانن." بەڵام هیچ وردەکاری زیاتری نەدا.

پاشان سەرۆک ترامپ لە بارەی کۆریای باکور و ئێران گوتی ئامانجی ئەمەریکا لە کۆریای باکور نەهێشتنی چەکی ناوکی ئەو وڵاتەیە. گوتی "ناکرێت ڕێگە بە دیکتاتۆریەتێک بدەین هەڕەشەی کوشتنکاری بێشومار لە وڵاتەکەمان و هاوپەیمانانمان بکات، بۆیە هەرچی پـێویست بێت دەیکەین بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی ئەمە. بڕوام پـێبکەن دەیکەین ئەگەر پـێویست بکات."

سەبارەت بە ئێرانیش گوتی تاران ڕێزی لە گیانی ڕێکەوتنـنامە ناوکیـیەکە نەگرتووە، بۆیە دەبێت " ڕێگە نەدەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی."

هەروەها گوتی" ڕژێمی ئێران پشتیوانی لە بڵاوبوونەوەی تێرۆرزم و توندوتیژی و خوێن ڕشتن و پـشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بۆیە دەبێت کۆتایـیەک دابنێین بۆ دوژمنکاریـیە بەردەوامەکانی ئێران و خواستە ناوکیـیەکانی."

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمەریکا لە ڕێکەوتنـنامە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێراندا پاشگەزدەبێتەوە یان نا، سەرۆک ترامپ گوتی" بەم زووانە شتێک لە بارەی ئێرانەوە دەبیستن."

سەرۆکی ئەمەریکا کە بۆخۆشی فەرماندەی باڵای هێزە چەکداراەکانی وڵاتەکەیە، لە ئێستادا دیەوێت فەرماندە لەشکریـیەکان بە زووترین کات هەموو بژارە لەشکریـیەکانی بخەنە بەردەست بۆ ئەو کاتەی پـێویستی پـێیان دەبێت.

سەرۆک ترامپ ڕووی دەمی کردە فەرماندە لەشکریـیەکان و گوتی" چاوەڕوانم بە خێرایی کۆمەڵێـکی فراوان لە بژارەی لەشکری بخەنە بەردەستم. دەزانم بیرۆکراسی ئیداری کارەکان خاودەکەنەوە، بەڵام پشتم بە ئێوە بەستووە بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپە بیرۆکراسـیەکاندا."

XS
SM
MD
LG