Accessibility links

سەرۆک ترامپ باری نائاسایی لە ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند باری نائاسایی لە وڵاتەکە ڕادەگەیەنێت، ئەمەش بە ئامانجی دابینکردنی پارە بۆ دروستکردنی ئەو دیوارەی دەخوازێت لەسەر سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە هەبن بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە کۆچبەرانی نایاسایی.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕڕۆژنامەوانی لە چیمەنی کۆشکی سپی گوتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵات مۆرکراوە و هەر کە گەڕایەوە بۆ ئۆفیسەکەی لە پاش کۆنگرەکە دوا لاپەڕەکانی بڕیارەکە واژودەکات.

پاشان داکۆکی لە بڕیارەکەی کرد و گوتی سەرۆکانی پـێشووش لە حاڵەتی هاوشێوەی ئێستا باری نائاسایـیان لە وڵات ڕاگەیاندووە. هەروەها "دایکانی فریشتەی" بانگهێشتی کۆنگرەکە کردبوو، ئەوانەی ڕۆڵەکانیان بە دەستی کەسانی کۆچبەری نایاسایی لەدەستدابوو. گوتی ئەم دایکانە باشترین کەسن گەواهی بدەن کە دروستکردنی ئەم دیوارە چەندە گرنگە.

دیموکراتەکان لای خۆیانەوە دەستبەجێ ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ گرت و هەریەک لە نانسی پـلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و چەک شومەر ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات گوتیان هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو سەرۆک ترامپ یاسای باری نائاسایی بەکارنەهێنێت بۆ تەرخانکردنی ملیاران دۆلار لە خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی بۆ دروستکردنی دیوارەکە. گوتیشیان ئەوەی سەرۆک کردوویەتی کارێکی نایاسایی‌یە و پـێشێلی دەستور دەکات لە ڕێگەی بازدان بەسەر کۆنگرێس کە بەرپرسە لە دانانی بوجە و خەرجیـیەکانی حکومەت.

هاوکات لێتیشا جەیمس داواکاری گشتی ویلایەتی نیویۆرک کە خانمێکی دیموکراتە، ئەویش ڕایگەیاند ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی سەرۆک ترامپ دەگرنەبەر و گوتی "هیچ چاوپـۆشی لە بەکارهێنانی خراپی دەسەڵات ناکەین."

XS
SM
MD
LG