Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنـنامە ناوکیـیەکە پەسەند ناکات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئێران پابەندی ئەو ڕێکەوتنـنامە ناوکیـیە نەبووە کە دوو ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەگەڵیدا مۆریکرد، بۆیە ئامادە نیـیە پەسەندی بکات تاران پابەندی ئەو ڕێکەوتنەیە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی وتارێکی لە بارەی ئێرانەوە پـێشکەشکرد و گوتی ئەمەریکا ناتوانێت چیتر بەردەوامبێت لەوەی پەسەندی بکات ئێران بە ڕێکەوتنەکە پابەندبووە، وە ئەمەریکا لە ئاڕاستەیەکدا بەردەوام نابێت کە ئەنجامەکەی زانراوە دەڕەوات بەرەو توندوتیژی و تێرۆرزمی زیاتر و دروستبوونی هەڕەشەی ڕاستەقینە، ئەویش بەدەسـتهێنانی ئێرانە بۆ چەکی ناوکی.

گوتیشی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ڕادەسپـێرێت لەگەڵ کۆنگرێس و هاوپەیمانانی ئەمەریکا کاربکەن بۆ تاووتوێکردنی زۆرێک لە خاڵە لاوازەکان و کەموکوڕیـیەکانی لە ڕێکەوتنـنامەکەدا هەن، ئەمەش تاوەکو ڕژێمی ئێران بە چەکی ناوکی هەڕەشە لە جیهان ناکات.

سەرۆک ترامپ هەروەها گوتی پاش ئەوەی وتووێژی زۆری لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا کردووە، بڕیاری لە ستراتیژیـیەتیەکی نوێ داوە بۆ ڕێگەگرتن لە چالاکیـیە وێرانکاریـیەکانی ئێران، ئەویش:

یەکەم، لەگەڵ هاوپەیمانانمان کاردەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکیـیە ناسەقامگیریـیەکانی ڕژێمی ئێران و پشتیوانیکردنی لە تێرۆرستان لە ناوچەکەدا.

دووەم، سزای زیاتر بەسەر ڕژێمی ئێراندا دەسەپـێنین تاوەکو ڕێگری لێبکەین لە کۆمەککردنی تێرۆرزم.

سێـیەم، سەروسەودا لەگەڵ زیادبوونی موشەک و چەکەکانی ڕژێم دەکەن، ئەوانەی جێی هەڕەشەن بۆ سەر دراوسێـیەکانی و بازرگانی جیهانی و ئازادی هاتوچۆی دەریایی.

لە کۆتاییدا، هەموو ئەو ڕێگەیانە لە ڕژێم دەگرین کە یارمەتی دەدەن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

پاشان گوتی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتە نوێـیەکەی دەستپـێدەکرێت بە کارێک کە دەبوایە لە مێژەوە بکرایە، ئەویش سەپاندنی سزای قورس بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران کە هێزی گەندڵی ڕێبەری باڵای ئێرانە و بەشێکی گەورەی ئابوری وڵاتەکەی بردووە بۆ ئەوەی کۆمەکی تێرۆر لە دەرەوە بکات، لەوانە پـڕچەککردنی دیکتاتۆری سوریا و دابینکردنی موشەک و چەک بۆ تێرۆرستان و هەروەها کارێکی تێرۆرستی لێرەش لە ڕێستورانتێکدا ئەنجامداوە.

گوتیشی بۆیە داوا لە وەزارەتی خەزێنە دەکات سزا بەسەر سوپای پاسداراندا بسەپێنێت و بە تایبەتی کاربەدەستانی سوپاکە و ئەو دامودەزگایانەی پـێوەی بەستراونەتەوە. داواشی لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا کرد بێنە پاڵ وڵاتەکەیەوە تاوەکو پـێکەوە بڕیاری سزای توند لە دژی ئێران بدەن بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ ڕەفتارە ناسەقامگیریـیەکانی. گوتیشی با ئەو سزایانە لە دەرەوەی سزاکانی سەر بەرنامە ناوکیـیەکە بن.

XS
SM
MD
LG