Accessibility links

ڕۆیتەرز: کۆشکی سپـی تاووتوێی پـشنیارێـک دەکات بۆ دانانی پاسدارانی ئێران لە نێو لیستی تێرۆردا

  • VOA News

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا تاووتوێی پـێشنیارێـک دەکات کە ڕەنگە ببێتە مایەی دانانی سوپای پاسدارانی ئێران لە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان لە ئەمەریکا.

ڕۆیتەرز لە زاری ژمارەیەک کاربەدەسـتی ئەمەریکاوە ڕاگەیاند ڕاوبۆچوونی چەند دەزگایەکی حکومەتی ئەمەریکا لەم بارەیەوە وەرگیراون، بەڵام هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە و ڕوون نیـیە ئایا سەرۆک ترامپ بڕیارێـکی لەم شێوەیە پەسەند دەکات یان نا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کۆشـکی سـپی هیچی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

جێی ئاماژەیە سوپای پاسداران بەهێزترین هێزی ئێرانە و بەشێـکی گەورەی ئابوری ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵکردووە و دەسەڵاتێـکی بەهێزی لە نێو سیستەمی سیاسی ئێراندا هەیە.

مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئێرانی ئاگادارکردەوە لەوەی ئاستی توندی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ تاقی نەکاتەوە.

هەروەها چەند ڕۆژێـک پـێشتر وەزارەتی دارایی ئەمەریکا کۆمەڵێـک سزای نوێی سەپاند بەسەر ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا کە دەڵێن دەسـتیان هەیە لە پەرەپـێدانی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێراندا.

لەوەتای سەرۆک ترامپ سەرۆکایەتی گرتووەتە دەست، ئەمەریکا هەڵوێستێـکی توندی بەرامبەر ئێران هەیە. سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە نووسینێـکیدا لەسەر تویتەر دەڵێت " ئێران یاری بە ئاگر دەکات – پـێینازانن سەرۆک ئۆباما چەندە لەگەڵیاندا میهرەبان بووە. من وەها نابم."

XS
SM
MD
LG