Accessibility links

هێرس باس لە خۆشی و شادی دەکات، ترامپ وێنەیەکی تاریکتر دەکێشێت


لە یەکەمین وتاریدا دوای ئەوەی بوو بە جێگری سەرۆک کامڵا هێرس بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، فەرمانڕەوای مینیسۆتا تیم واڵز وتی " سوپاس بۆ هێنانەوەی شادی و خۆشی." ڕۆژی دواتر هێرس باسی لەوە کردەوە و وتی دیموکراتەکان " جەنگاوەری شادن."

ئەمەش بە پێچەوانەی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپەوە، کە چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە فلۆریدا سازکرد و وتی " ئێمە شتی زۆر خراپ لەبەردەمماندایە." هەروەها پێشبینی ئەوەی کرد ئەمەریکا دەکرێت بکەوێتە قەیرانێکی ئابوورییەوە کە لە ڕۆژە تاریکەکانی ساڵی 1929 ەوە نەبیندراوە، هەروەها پێشبینی ئەوەی کرد دەکرێت ئەمەریکا بکەوێتە جەنگێکی دیکەشەوە.

ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە وتی " پێم وایە لە ئێستادا وڵاتەکەمان لە ڕووی ئابووری و لە ڕووی پارێزراویشەوە لە مەترسیدارترین دۆخدایە."

بەڵام دیموکراتەکان یاری بە تێڕوانینە ڕووناکەکەیان دەکەن، ئەو بیرۆکەیە بەرەوپێشەوە دەبەن کە دەنگدەران دەتوانن هان بدرێن بۆ پشتگیریکردنی کەسێک نەک تەنها دەنگدان دژی لایەکەی دیکە. هەڵمەتەکەی ترامپ باس لەوە دەکات کە ترامپ ڕەنگدانەوەی بارە دەروونییە توندوتیژەکەی وڵاتەکەیە و ئەو بیرۆکەیە ڕەت دەکاتەوە کە زیادبوونی جیاوازییەکان لە تۆن و هەڵوێستی گەشبینانەدا سەرۆکایەتی یەکلایی دەکەنەوە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی نۆرکی دەزگای ئەسۆشیەتد پرێس بۆ توێژینەوەی کاروباری گشتی کە مانگی ڕابردوو ئەنجام دراوە، دوو لەسەر سێی ئەمەریکاییەکان زۆر گەشبینن یاخود هەندێک گەشبینن سەبارەت بە دۆخی سیاسەت. لە کۆی 10 کەس 7 کەسییان دەڵێن شتەکان لە وڵاتەکەدا بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن.

جەیسن میڵەری ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی پێشوو وتی خەڵکەکە گرنگی نادەن بەوەی " هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کەسەکە چۆن بێت."

" چونکە ئەوە واناکات تێچووی گاز و خۆراک و خانوو کەمتر بێت."

واڵز هانی گەشبینی دەدات

گەشبینییەکەی تیم واڵز مەبەست لێی ئەوەیە وزەیەکی نوێ بداتە دەنگدەران تاوەکو ئەو تەوژمە بپارێزێت کە هێرس دوای سەرۆک جۆو بایدن دروستی کردووە، بایدن ڕووبەڕووی فشار بووەوە لە ناوخۆی پارتەکەیدا و نەرێنییەکی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، بەڵام دواتر بایدن لە هەڵبژاردنەکان کشایەوە و پشتگیری خۆی بۆ کامڵا هێرسی جێگری دەربڕی.

واڵز لە هەفتەی یەکەمیدا وەکو جێگری هێرس لەگەڵ هێرسدا سەردانی ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی کرد و لە ماوەی بانگەشەیەکی هەڵبژاردنەکاندا لە ئیاو کلێری ویسکۆنسن تیشکی خستەسەر ئەو خاڵە و ستایشی ئەوەی کرد کە وەکو خۆی دەڵێت " توانای قسەکردن سەبارەت بەوەی چی شتێک دەکرێت باش بێت."

وتی " بیرۆکەی گرنگیدان بە دراوسێکانمان و باشبوونمان، هەروەها یارمەتیدانی کەسێک کە پێویستی بێت و بتوانیت لەوێ بیت کاتێک خەڵکەکە پێویستی پێتە. ئەوە ئێمەین."

بایدن کاتێک بەربژێری سەرۆکایەتی بوو زۆر جار لە وتارەکانیدا باسی لەوە دەکرد کە هیچ کات وەکو ئێستا گەشبین نەبووە. بەڵام دەیوت کە ترامپ مەترسییە لەسەر دیموکراسی. پێشبینی مەترسیداری دەکرد سەبارەت بە ترامپ و دەیوت ترامپ بنەما سەرەکییەکانی وڵاتەکە هەڵدەوەشێنێتەوە ئەگەر بچێتەوە بۆ کۆشکی سپی.

هێشتا هێرس پشتی بەو جۆرە ناوەڕۆکە بەستووە، دەڵێت ترامپ مەترسییە بۆ سەر دیموکراسی، هۆشداری دەدات و دەڵێت ترامپ سنوور دادەنێت لەسەر لە باربردن و دەنگدان و پەیڕەوی پڕۆژەی 2025 دەکات، پڕۆژەکە لەلایەن پارێزگارە باڵاکانەوە داندراوە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی بەشێکی گەورەی حکومەتی فیدڕاڵی.

سەرەڕای ئەوەی والز پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە زەردەخەنە بەهێزترە لە سووکایەتیکردن، بەڵام ئەو و هێرس بەردەوامن لە پشکی خۆیان لە سەرکۆنەکردنەکان، سەرکۆنەی سزادانی ترامپ دەکەن لە نیویۆرک بە 34 تۆمەتی تاوان لە دۆسیەیەکی پارەدان بۆ بێدەنگکردن و بەرپرسیاربوونی لە کارە بازرگانییە ساختەکان و دەستدرێژی سێکسی لە دادگای سڤیل.

تەنانەت پێش ئەوەی واڵزیش وەکو جێگری دەستنیشان بکات، هێرس دەیوت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەوەدا دووبارە سیاسەت بکاتەوە بە شتێکی خۆش.

هێرس لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا پێش ئەوەی واڵز هەڵبژێرێت وتی " وڵاتەکەمان خۆش دەوێت، باوەڕیشم وایە ئەوە ئەوپەڕی نیشتیمانپەروەرییە شەڕ بۆ بەهاکانی وڵاتەکەمان بکەیت." ئێستا بە خەڵکەکە دەڵێت کە خۆی و جێگرەکەشی " هەردووکمان باوەڕمان بە هاندانی خەڵک هەیە نەک لێدانییان."

تیمەکەی ترامپ دەڵێن ترامپی بەربژێرییان ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەیە

ڕاوێژکارە باڵاکانی ترامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دژی ئەو گەشبینییەی هێرس و دیموکراتەکان دەڵێن باری دەروونی وڵاتەکە لە ئێستادا خراپە بەهۆی ئابووری و دۆخی سنووری ئەمەریکا و مەکسیک و گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەشەوە. ئەوان بەربژێرەکەیان وەک ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە دەبینن نەک ئەوەی کە پێیان وایە گەشییەکی کاتی دیموکراتەکانە دوای چەندین مانگ لە بێهیوابوونییان لە بەربژێرەکەیان.

ترامپ هەوڵی داوە ئەو شتە بەکاربهێنێت بە پێشبینییە دووبارەکانی سەبارەت بە داڕمانی بازاڕی بۆرسە و شەڕ. ترامپ لە دەرکەوتنەکانیدا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵێک هۆشداری دیکەی داوە، دەڵێت ئەگەر هەڵنەبژێردرێت ئەوا " چیتر وڵاتمان نابێت "، " تەنها شتێک کە لە نێوان ئێوە و سڕینەوەیدا وەستاوە منم " و لە ژێر بەڕێوبەرایەتییەکی هێرسدا " ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەچەوسێتەوە و دەڕوخێت " و " دەوروبەری شارەکان بە تاوانی توندوتیژ و باندە بیانییە دڕندەکانەوە پڕ دەبن."

جێگرەکەی ترامپ، جەی دی ڤانس لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا لە میشیگن وتی " ئێستا من توڕەم لەوەی کامڵا هێرس بە وڵاتەکەمانی کردووە و بە سنووری باشووری ئەمەریکای کردووە. پێم وایە خەڵکی وڵاتەکەمان دەتوانن هەندێک کات دڵ خۆش بن، دەتوانن چێژ لە هەندێک شت وەرگرن، دەشتوانن سەیری هەواڵەکان بکەن و بزانن کە ئەوەی لەم وڵاتەدا ڕوودەدات شەرمەزارییە."

سەرکردەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا میچ مککۆنێڵ وتی " ڕوون و ئاشکرایە کە وڵاتەکەمان لە کەشێکی خراپدایە."

لایەنگرانی ترامپ کە چاوەڕێی دەکەن لە بۆزمانی مۆنتانا، دەڵێن هەڵمەتەکەی ترامپ وایلێکردوون گەشبین ببن، هەرچەنە پەیامەکانی زۆر جار گەشبین نین.

ئالێکس لەستیگی 23 ساڵ لە مۆنتانا وتی " کە سەیری دۆخی وڵاتەکە دەکەیت لە ئێستادا، پێم وانیە هەڵمەتەکەی کامڵا هێرس شادی و خۆشی بێت. پێم وایە هەڵمەتەکەی ترامپ بەو شێوەیەیە."

فرێد سکارلێتی تەمەن 63 ساڵ لە مۆنتانا وتی " هەمووان لەوە تێدەگەن کە پێویستە لێرە بین بۆ پشتگیریکردنی ترامپ چەنکە ئەو هەرگیز پشتی تێنەکردووین."

وتی " تەقەیان لێکرد، بەڵام ئەو هێشتا بەردەوامە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG