Accessibility links

ئەنجامی هەڵبژاردنە بەرایـیەکەی سێشەممە نیشانی دەدەن هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ پشـتیوانیـیەکی باشیان هەیە


ئەنجامی هەڵبژاردنە بەرایـیەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە دوێنێ سێشەممە لە چەند ویلایەتێـک ئەنجام دران، نیشانی دەدەن هێلەری کلنتن لە پارتی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆماری پشـتیوانیـیەکی باشیان لێکراوە.

هەڵبژاردنەکان کە بۆ هەردوو پارتیـیەکە لە ویلایەتەکانی فلۆریدا و ئیلینۆی و میزۆری و نۆرث کارۆلاینا و ئۆهایۆ بەڕێوەچوون، خانم هێلەری لە هەموویان سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی بێرنی ساندەرس تۆمارکرد. لە هەر پـێنج ویلایەتەکە خانم هێلەری پشـتیوانی 326 نوێنەری بردەوە، بەڵام بێرنی ساندەرس تەنیا پشتیوانی 220 نوێنەری بەدەسـتهێنا.

لە پـێشبڕکێی کۆماریـیەکانیش، دۆناڵد ترەمپ زۆرترین دەنگی بەدەسـتهێنا. لە هەرسی ویلایەتی فلۆریدا و ئیلینۆی و نۆرث کارۆلینا پشـتیوانی 152 نوێنەری بەدەسـتهێنا، بەڵام لە ویلایەتی ئۆهایۆ لە بەرامبەر جان کەیسک شکستی هێنا و پشـتیوانی هیچ نوێنەرێـکی ئەو ویلایەتەی بەدەسـت نەهێنا کە 66 نوێنەری هەیە. لە ویلایەتی میزۆری هێشتا ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی کۆماریـیەکان ڕانەگەیەندراوە کە 52 نوێنەری هەیە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دۆناڵد ترەمپ 40.8% ی دەنگەکانی بردۆتەوە و تێد کروزیش 40.6% ، بەمەش ڕەنگە وەکو یەک لەو ویلایەتە پشتیوانی بەدەستبهێنن.

پاش ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجامانە مارکۆ ڕۆبیۆی کۆماری لە پێشبڕکێی پارتەکەی کشایەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ویلایەتەکەی خۆی فلۆریدا پشـتیوانی تاکە نوێنەرێـکیشی بەدەسـت نەهێنا.

بەشێـک لە کۆماریـیەکان مەترسیـیان هەیە دۆناڵد ترەمپ هەروا دەنگی زیاتر بهێنێت و سەرئەنجام ببێتە کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG