Accessibility links

سەرۆک ترامپ ستراتیژیەتی نوێی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت


سەرۆک ترامپ دەڵێت هەرچەندە خۆی لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بووە، بەڵام کاتێـک پـۆستی سەرۆکایەتی گرتووەتەدەست گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی دەبێت ئەو هێزانە لەو وڵاتە بمێنـنەوە.

شەوی دووشەممە لە بنکەی لەشکری فۆرت مایەر لە ناوچەی ئارلنگتنی ویلایەتی ڤێرجینیا، سەرۆک ترامپ لە وتارێکیدا ستراتیژیەتی نوێی ئەمەریکای خستە ڕوو بۆ ئەفغانستان و باشوری ئاسیا، گوتی لە پاش ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا پـۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست داوای لە جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و تیمی ئاسایشی نیشتیمانی کردووە پـیاداچوونەوەیەکی گشتگیر و تەواو بکەن بە هەموو بژارە ستراتیژیـیەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەفغانستان و باشوری ئاسیا.

پاشان گوتی لەگەڵ دەسـتبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەموو ڕوویەکەوە زۆری لە بارەی ئەفغانستان زانیوە، وە بە درێژایی ئەم مانگانەی ڕابردوو چەندان کۆبوونەوەی سەبارەت بەو وڵاتە ئەنجامداوە و دواینیان ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو بوو کە لە هاوینەهەواری کامپ دەیڤدی ویلایەتی مێریلاند بەڕێوەچوو لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی و جەنەڕاڵە لەشکریـیەکان بە مەبەستی تەواوکردنی پـلانی ستراتیژیـیەتی نوێی ئەمەریکا بۆ ئەو ناوچەیەی جیهان.

گوتی لە کۆتایـیدا بە سێ ئەنجامی سەرەکی بۆ بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان گەیشتووە، یەکەم دەبێت ئەمەریکا هەوڵ بدات بە ئەنجامێکی سەربەرز و بەردەوام بگات کە شایەنی ئەو هەموو قوربانیـیە گەورەیە بێت کە داویەتی. دووەم نابێت ئەمەریکا بە خێرایی لە ئەفغانستان هێزەکانی بکشێنێتەوە و هەڵەکەی ساڵی 2011 دووبارە بکاتەوە کاتێـک هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە. دەڵێت ئەگەربێت و ئەمەریکا لە ئێستادا لە ئەفغانستان بکشێتەوە، ئەوا بۆشایـیەک لەو وڵاتە دروست دەبێت کە داعش و قاعیدە پـڕی دەکەنەوە و ئەو وڵاتە دەبێتە سەرچاوەی پـلانە تێرۆرستیـیەکان وەکو سەردەمی تاڵیبان. سێیەم زۆرترین هەڕەشەی تێرۆرستی ئێستا لە جیهاندا هەبێت لە ئەفغانستان و ئەو ناوچەیەیە بە گشتی. گوتی تەنها لە ئەفغانستان و پاکستان 20 ڕێکخراوی تێرۆرستی بیانی هەن. سەرۆک ترامپ ئاگاهی بە پاکستان دا کە چیتر نابێت وەکو وڵاتێـکی دۆستی ئەمەریکا داڵدەی گروپە تێرۆرستیـیەکان بدات و ئەگەربێت و هەر وا بەردەوامبێت ئەوا زۆر شت لە دەست دەدات.

سەرۆک ترامپ لە وتارەکەی جەختی لەوە کردەوە پـلانەکانی وڵاتەکەی بۆ شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان ئاشکرا ناکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی زیاتری بە لەشکر داوە لە بڕیاردان بۆ شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان، بە تایبەتی لە ئەفغانستان و پاکستان.

پاشان باسی لەوە کرد چیتر ئەمەریکا هێزی لەشکری بەکار ناهێنێت بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی لە وڵاتانی دیکە یان بنیادنانی وڵاتان بە هاوشێوەی ئەمەریکا، بەڵکو لە بری ئەوە کار لەگەڵ هاوپەیمانان و دۆستانی ئەمەریکا دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکانیان. گوتی داوا لە خەڵکی وڵاتانی دیکە ناکەن شێوازی ژیانی خۆیان بگۆڕن.

سەرۆک ترامپ جەختی لەوەش کرد بەکارهێنانی هێزی لەشکری بە تەنها ئاشتی بۆ ئەفغانستان بەدی ناهێنێت یان هەڕەشەی تێرۆرزم ڕابگرێت، بەڵام بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی ستراتیژی بۆ هێنانە دی بارودۆخێـکی گونجاوە بۆ پـرۆسەیەکی سیاسی بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتیـیەکی هەمیشەیی.

گوتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان هەتا ئەو کاتەی دەبینێت هەوڵ دەدات بۆ هەنگاونان بەرەو پـێشەوە، بەڵام گوتیشی وابەستەیی ئەمەریکا بێ سنوور نیـیە و پاڵپشـتی ئەمەریکا هەر وا بێ مەرج نیـیە، بۆیە دەبێت حکومەتی ئەفغانستان ئەویش ئەرکە لەشکریـیەکان و بارە ئابوریـیەکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت. گوتیشی خەڵکی ئەمەریکا چاوەڕوانە چاکسازی لە ئەفغانستان ببینێت کە ئەنجامی ڕاستەقینەی هەبێت.

XS
SM
MD
LG