Accessibility links

سەرۆک ترامپ هەوڵەکانی دیموکراتەکان بۆ ئیمپیچکردنی بە " گاڵتەجاری تەواو" ناودێر دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هەوڵەکانی یاسادانەرە دیموکراتەکان بۆ ئیمپیچکردنی لە کۆتا ڕۆژەکانی سەرۆکایەتییەکەیدا " بە تەواوەتی گاڵتەجارییە".

لە میانەی یەکەم لێدوانیدا بۆ پەیامنێران، لەو کاتەوەی کە لە هەزاران لە پشتیوانانی لە ڕۆژی چوارشەممە هوروژمیان بردە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا، ترامپ هەمو تۆمەتێکی لەسەر ئەوەی بەرپرسیاربێت لە ئاست ئەو ڕووداوەی کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس ڕەتکردەوە.

ترامپ لە میانەی خۆپیشاندانەکەی نزیک کۆشکی سپی داوای لە هەزاران لە پشتیوانانی کرد "شەڕ بکەن" دژ بە یاسادانەرە دیموکراتەکان کە ئەنجامی دەنگەکانی نوێنەرانیان لە بەرژەوەندی جۆو بایدنی دیموکرات پەسەند دەکرد. بەڵام سەرۆک ڕۆژی سێشەممە گوتی " ئەمە شیکراوەتەوە و خەڵکیش پێیان وابووە ئەوەی من وتوومە تەواو گونجاو بووە."

چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی پۆلیس کۆنگرێسیان کۆنترۆڵکردەوە، یاسادانەران دەستیان کردووە بە پرۆسەی پەسەندکردنی دەنگی نوێنەران. بایدن لە 20 ی ئەم مانگە وەکو 46هەمین سەۆرکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی دەخوات و کۆتایی بە خولی چوارساڵەی سەرۆکایەتی ترامپ دێت.

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە دیموکرات دەنگ بدات لەسەر بڕیارێک بۆ داواکردن لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس و ئەندامانی کابینەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ تا دەسەڵاتی دەستورییان بەکاربهێنن بۆ لابردنی ترامپ لەسەر دەسەڵات.

ئەو بڕیارەی ، کە چاوەڕوان دەکرێت بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێت، 24 کاتژمێر دەدات بە مایک پێنس تا وەڵام بداتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند " سەرۆک هەڕەشەیەکی گەورە دەکاتە سەر دەستورمان، وڵاتەکەمان و گەلی ئەمەریکا، دەبێت دەستبەجێ لەسەر دەسەڵات لاببرێت."

نە مایک پێنس و نە هیچکام لە ئەندامانی کابینەکەی بە ئاشکرایی خواستی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لەو کردارە ڕانەگەیاندووە کە تیایدا بەندی 25 دەستوری ئەمەریکا بەکاردێت کە ڕێگە دەدات جێگری سەرۆک و زۆربەی ئەندامانی کابینەکە ڕابگەیەنن سەرۆک " ناتوانێت دەسەڵاتەکان و ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەجێبگەیەنێت."

ترامپ و پێنس شەوی دووشەممە بۆ یەکەم جار لەپاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو گێرەشێوێنەکانی لایەنگری ترامپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی کۆبونەوە.

کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند ئەوان " جەختیان کردووەتەو لەوەی ئەوانەی یاسایان شکاندووەو هوروژمیان بردۆتە سەر کۆنگرێس لە هەفتەی ڕابوردوو گوزارشت لە بزوتنەوەی 'ئەمەریکا یەکەمە' ناکەن کە نزیکەی 75 ملیۆن کەس پشتیوانی لێ دەکات، و بەڵێنیان داوە هەتا کۆتایی تێرمەکەیان بەردەوام بن لە کارەکانیان".

ڕێبەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەوڵی بڕیارێکی تری ئیمپیچکردنی سەرۆک ترامپ دەدەن کە بڕیارە یاسادانەران لە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە تاوتوێی بکەن.

ەرچەندە خولی چوارساڵی سەرۆک ترامپ لە 20 ی ئەم مانگە کۆتاییپێدێت، بەرنوسی چوار لاپەڕەیی ئیمپیچکردنەکە دەڵێت ترامپ " ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، دیموکراسی، و دەستور ئەگەر ڕێگەی پێبدرێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، و ئەوە بە شێوەیەکی زۆر نەگونجاو لەگەڵ خۆبەڕێوەبردن و دەسەڵاتی یاسا کاریکردووە."

مۆرکردنی ئەو بەرنوسە، لەلایەن 218 دیموکرات، دەنگی زۆرینەی 435 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ دەنگی کۆمارییەکان دژ بەو سەرۆکە کۆمارییە مسۆگەر دەکات.

بەڵام ڕوون نییە ئایا ڕێبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستبەجێ بڕیارەکە دەنێرن بۆ دادگاییکردنی لە سینات بە مەبەستی تاوانبارکردنی تارمپ و لادانی لەسەر دەسەڵات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تێرمەکەی لە هەفتەی داهاتوو کۆتاییپێدێت.




XS
SM
MD
LG