وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند یەکەم بەشی هێزەکانی ئەمەریکا گەیشتنە پۆڵەندا، ئەمەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگری هاوپەیمانانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
ئەم جوڵەیەی ئەمەریکا بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادایە، لەکاتێکدا ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، وڵاتانی ڕۆژئاواش نیگەرانن لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەوجۆرەی هەبێت.
وتەبێژی سوپای پۆڵەندا وتی " وەکو ڕاگەیەندرابوو، یەکەم بەشی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا گەیشتنە پۆڵەندا."
دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانیکرد 1,700 سەربازی دیکەی ئەمەریکی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکرێن، هێزەکانی ئەمەریکا گەیشتنە بنکەی سەربازیی جێزۆو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا، نزیک سنووری ئۆکرانیا. لە ساڵی 2017 ەوە نزیکەی 4,000 سەربازی ئەمەریکا لە پۆڵەندا جێگیرکراون.
سەرۆک بایدن فەرمانیشی کرد هێز بۆ ئەڵمانیا و ڕۆمانیاش ڕەوانە بکرێت، بەمەش ژمارەی ئەو هێزانەی ڕەوانەی ئەوروپا کراون گەیشتە نزیکەی 3,000 سەرباز.
لە ماوەی ڕابردوودا سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند نزیکەی 1,700 سەربازی ئەمەریکی " لە چەند ڕۆژی داهاتوودا " لە بنکەی سەربازی فۆرت براگی نۆرث کارۆلایناوە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکرێن.
ڕۆژی هەینی یەکەم هێزی سەربازیی ئەمەریکا گەیشتە ئەڵمانیا.
هاوکات ئەمەریکا لە مانگی یەکدا 8,500 سەربازی دیکەی خستە ئامادەباشییەوە، لە کاتێکدا ئەگەر پێویست بکات ڕەوانەی ئەوروپا دەکرێن. لە 16 و 17 ی مانگی دووشدا وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ کۆدەبنەوە و تاوتوێی زیادکردنی هێزەکانیان دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا.
لە ڕۆژدانی داهاتوودا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز بە جیا سەردانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن و لەگەڵ هاوتاکانیاندا کۆدەبنەوە، سەردانەکانیش مەبەست لێیان دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
وابڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی مۆسکۆ بکات و ڕۆژی سێشەممەش سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بکات. هەفتەی دواتر ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە 14 ی مانگی دوودا سەردانی کیێڤ دەکات و دواتر لە 15 ی هەمان مانگدا سەردانی مۆسکۆ دەکات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا