Accessibility links

سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەمی ئەمەریکا سەردانی شوێنە زیان‌لێکەوتووەکانی تەکساس دەکەن


سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتنە ویلایەتی تەکساس تاوەکو لە نزیکەوە ئاکامی زیانەکانی زریانی هارڤی ببینن و چاویان بە خەڵکی لێقەوماو و کاربەدەستانی ویلایەتەکە بکەوێت.

سەرەتا گەیشتنە شاری کۆرپـس کریستی لە باشوری ویلایەتەکە کە دەکەوێتە سەر کەنداوی مەکسیک، ئەو شوێنەی زریانی هارڤی شەوی هەینی زۆر بە توندی لێی دا. پاشان ڕوویان لە شاری ئۆستنی پایتەختی ویلایەتەکە کرد و لەوێ سەردانی ناوندێـکی بە هاناچوونیان کرد و چاویان کەوت بە کاربەدەستانی ویلایەتەکە و ناوچەکە و ئەوانیش لای خۆیانەوە باسیان لە زیان و پـێداویستیەکان کرد.

بەڵام لە بەرنامەیاندا نیـیە سەردانی هیوستن بکەن کە لەوێ لافاوێکی زۆر هەستاوە و بە هەزاران کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. ئەم شارە چوارەمین گەورەترین شاری وڵاتەکە لە ڕووی دانیشتوانەوە.

کارمەندانی بەهاناچوون و خەڵکی خۆبەخش توانیان فریای هەزاران کەس بکەون و لە نێو ئاوی لافاو و بارانی بەخوڕ هەزاران کەسیان بە بەلەم و چوپ ڕزگارکرد. هەروەها لە ناوچە دوردەستەکان و شوێنە سەختەکان بە هەلیکۆپتەر خەڵکی ڕزگارکران.

جێگری ئەدمیراڵ کارڵ شۆڵتەر کە فەرماندەیەکی پاسەوانی کەنارەکانی ئەمەریکایە بۆ کەناڵی CNN ی ڕاگەیاند 18 هەلیکۆپتەری لە هیوستن هەیە و 12 هەلیکۆپتەریان لە یەک کاتدا لە ئاسمانن بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی.

سەرۆک ترامپ بەڵێنی داوە حکومەتی فیدراڵی کۆمەکی هەردوو ویلایەتی تەکساس و لویزیانا بکات کە بەهۆی ئەم زریانی هارڤیـیەوە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار زیانیان پـێگەیشتووە.

خاچی سوور دەڵێت زیاتر لە 17 هەزار کەس شەوی دووشەممەیان لە پانگەکان بەسەربردووە. کاربەدەستانیش دەڵێن ڕەنگە 30 هەزار کەس بۆ کۆمەڵێـک بینای حکومی و کڵێسا بگوێزنەوە.

XS
SM
MD
LG