Accessibility links

ئەمەریکا بەنیازە داوای وەرگرتنی ڤاکسین لە گەشتیارە بیانیەکان بکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەنیازە داوا لە سەرجەم گەشتیارە بیانیەکان بکات بەرلەوەی گەشت بۆ ئەمەریکا بکەن ڤاکسین دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن.

داواکارییەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتیەکەدا دێت بۆ کەمکردنەوەی کوتوبەندەکانی سەر گەشتکردنی هاوڵاتیە بیانیەکان بۆ ئەمەریکا. تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە. ئەگەر پلانەکە جێبەجێ بکرێت ئەوا لەکۆتاییدا سەرجەم ئەوانەی دەیانەوێت بێنە ئەمەریکا دەبێت پێشتر ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتبێت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی هێشتا تاوتوێی پلانەکە دەکرێت.

بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن کۆتوبەندەکانی لەسەر گەشتکردن هێشتۆتەوە و ئەوەش بۆتە هۆکاری کەمبوونەوەی گەشتە نێودەوڵەتیەکان، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی جۆری دێڵتای ڤایرۆسەکە. بەپێی ئەو یاسایانە، ئەوانەی هاوڵاتی ئەمەریکی نین و 14 ڕۆژ پێشتر سەردانی چین، ناوچەی شنگنی ئەوروپا، بەڕیتانیا، و ئێرلەندا، بەڕازیل، ئەفریقای باشوور، یاخود هیندستانیان کردبێت ئەوا ڕێگە نادرێت بێنە ئەمەریکاوە.

سەرجەم گەشتیاران، ڤاکسینیان وەرگرتبێت یاخود نا، دەبێت سێ ڕۆژ بەرلەوەی گەشت بۆ ئەمەریکا بکەن پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و لە پشکنینەکانیاندا دەربکەوێت کە هەڵگری ڤایرۆسەکە نین.

بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا لەلایەن هاوپەیمانەکانیەوە ڕووبەڕووی فشار بۆتەوە تاوەکو هەندێک لە کۆتوبەندەکانی گەشتکردن بۆ ئەمەریکا کەم بکاتەوە، پیشەسازی گەشتی ئاسمانی و ئەو خێزانانەی کە بەهۆی کۆتوبەندەکانەوە لە یەکتر دوورکەوتوونەتەوە، زۆرێک دەڵێن کۆتوبەندەکانی گەشتکردن ڕەنگدانەوەی دۆخی ئێستای ڤایرۆسەکە نین، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەوە کە حاڵەتەکانی توشبوون لە ئەمەریکا بە ڤایرۆسەکە زۆر زیاترە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە کۆتوبەند خراوەتە سەر هاوڵاتیانیان بۆ گەشتکردن بۆ ئەمەریکا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG