Accessibility links

زریانە بەهێزەکەی ویلایەتی کەنتاکی ئەمەریکا زیانێکی گەورەی گیانی لێدەکەوێتەوە


بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە کە بە خێرایی 200 میلە لە کاتژمێرێکدا و سەرانسەری ناوەڕاست و باشووری ئەمەریکای گرتۆتەوە، پێدەچێت بووبێتە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس لە ویلایەتی کەنتاکی.

شارەزایانی کەش و هەوا دەڵێن ئەم جۆرە زریانانە لە وەرزە ساردەکاندا شتێکی باو نین، بەڵام ئەم زریانە بەهێزە، کارگەیەکی مۆم و بنکەیەکی پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەی لە شارۆچکەیەکی بچووکی ویلایەتی کەنتاکی وێرانکرد، خانەیەکی بەساڵاچوانیشی لە میزۆری دراوسێی کەنتاکی وێرانکرد، هەروەها بەهۆی زریانەکەوە دوو کارمەندی کۆگاکانی ئەمازۆنیش لە ئیلینۆی گیانیان لەدەستداوە.

ئاندی بیشەیر، فەرمانڕەوای ویلایەتی کەنتاکی دەڵێت، زریانەکان وێرانکەرترین بوون لە مێژووی ویلایەتەکەدا و دەشڵێت نزیکەی 40 کارمەند لە کارگەی مۆمەکە لە شاری مەیفیڵد ڕزگارکراون، کە 110 کەس لەو کارگەیەدا بوون کاتێک زریانەکە لێیداوە. بیشەیر وتی زۆر قورس دەبێت هیچ کەسێکی دیکە لەژێر پاشماوەی کارگەکەدا بەزیندوویی بدۆزینەوە.

بیشەیر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردوە، وەک دەڵێت " لە ژیانمدا کارەساتی لەم شێوەیەم نەبینیوە و نازانم چۆن بە وشە دەریببڕم. ئەگەرێکی زۆر هەیە زیاتر لە 100 کەس لێرە لە کەنتاکی بەهۆی زریانەکەوە گیان لەدەست بدەن."

بیشەیر ،دەشلێت ئەندامانی پاسەوانی نیشتیمانی 189 ڕەوانە کراون بۆ یارمەتیدان لە گەڕان و ڕزگارکردنەکاندا. هەوڵەکانی ڕزگارکردن زیاتر سەنگ دەخاتە سەر بەشە فراوانەکەی مەیفیڵد، کە نزیکەی 10,000 کەسی تێدە دەژی و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتەکەوە و سنووری بە ویلایەتی ئێلینوەی و میزۆری و ئارکانساوەیە.

وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پیشانی دەدەن بیناکانی شاری مەیفیڵد سەرجەمیان ڕووخاون و شوێنەکانی وەستانی ئوتومبێل بە پاشماوەی بیناکان داپۆشراون.

بەڕێوبەری ئاگرکوژێنەوەی مەیفیڵد جێرێمی کریسن کە بنکەکەی خۆی بەهۆی زریانەکەوە وێران بووە، وتی کارگەی مۆمەکە " بووەتە پاشماوەی ئاسنی چەماوە و ئامێر و پۆڵا و تیمەکانی فریاکەوتن هەندێک کات دەبوو بە گاگۆڵکێیەوە بەسەر قوربانیەکاندا بڕۆن و زیندووەکان بهێننە دەرەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG