وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی یونسکۆ گەڕانەوەی ئەمەریکایان بۆ ڕێکخراوەکە پەسەند کردووە، ئەمەش نزیکەی پێنج ساڵ دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانی بە کشانەوەی ئەمەریکا کرد لە ڕێکخراوەکەدا.
بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی "من دڵخۆش و سوپاسگوزارم کە ئەندامانی یونسکۆ پێشنیارەکەمانییان پەسەند کرد، کە ئەوەش ڕێگە دەدات ئەمەریکا هەنگاوە فەڕمییەکانی دواتر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پەیوەندی بکاتەوە بە ڕێکخراوەکەوە."
ڕێکخراوی خوێندن و زانستی و کلتوری نەتەوە یەکگرتووەکان ' یونیسکۆ ' ناسراوە بە دەستنیشانکردن و پاراستنی شوێنەوارە کۆنەکانە، لە دوورگەکانی گالاپاگۆسەوە بۆ گۆڕەکانی تیمبوکتو.
لە ساڵی 2018 دا ترامپ لە ڕێکخراوەکە کشایەوە، ئەوەش بەهۆی خراپ مامەڵەکردن و پرسەکانی پەیوەست بە ئیسڕائیلەوە. زۆربەی چالاکییەکانی یونسکۆ جێی مشتومڕکردن نین، بەڵام پرسەکانی وەکو بڕیارەکان سەبارەت بەوەی چۆن شوێنە ئاینییەکان لە ئۆرشەلیم بەڕێوەببرێن بوونەتە کێشە.
سکرتێری گشتی یونسکۆ ئۆدری ئازولای وتی ئەم کێشانە ئێستا شتێکن لە ڕابردوودا، ئەوەش دوای ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 8 ی مانگی شەش ئاماژە بەوە دەدات دەیەوێت لە مانگی حەوتدا دووبارە وەکو ئەندامێکی تەواو پەیوەندی بکاتەوە بە یونسکۆوە و بە نیازە لە چەند ساڵێکدا 619 ملیۆن دۆلار بە قیستی پاشەکەوت بداتەوە بە ڕێکخراوەکە.
بلینکن وتی وڵاتانی ئەندام لە یونسکۆ لە دانیشتنێکدا گەڕانەوەی ئەمەریکایان پەسەند کردووە.
لە ساڵی 2018 دا دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوەکە کشایەوە، یونسکۆ ڕووبەڕووی قەیران بووەوە، چونکە ئەمەریکا پێنج یەکی پارەی ڕێکخراوەکەی دابین دەکرد.
دوای کشانەوەی ئەمەریکا ئیسڕائیلیش بە هەمان شێوە لە ڕێکخراوەکە کشایەوە. ئازولای وتی لەم قۆناغەدا هیچ گفتوگۆیەک لە ئارادا نیە بۆ گەڕانەوەی ئیسڕائیل بۆ ناو ڕێکخراوەکە.
بەپێی یاساکانی ئەمەریکا، قەدەغەکراوە لەسەر ئەمەریکا لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لەو ڕێکخراوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە فەڵەستینییان وەکو ئەندامێکی تەواو وەرگرتووە. گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ یونسکۆ بەپێی بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا بوو کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 کاری پێدەکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز