Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا بە نیازە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی قورس بە سعودیە لاببات


سێ سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە ڕۆژی هەینی بە ڕۆیتەرزییان وت بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بڕیاریداوە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی قورس بە سعودیە لاببات. سیاسەتەکەی ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی ئەو جۆرە چەکانە بە سعودیە مەبەست لێی فشارکردنە سەر سعودیە بوو تاوەکو جەنگەکەی ناو یەمەن کەم بکاتەوە.

یاریدەدەرێک لە کۆنگرێس وتی لەم هەفتەیەدا بەڕێوبەرایەتییەکە کۆنگرێسی لەسەر بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنی قەدەغەکردنەکە. سەرچاوەیەک وتی فرۆشتنەکان ڕەنگە بە زوویی تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەستپێبکەنەوە، سەرچاوەیەکی دیکەیان وتی کاتی دەستپێکردنەوەی فرۆشتنەکان هێشتا گفتوگۆی لەسەرە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن وتی " سعودیەکان لەلای خۆیانەوە پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بوون، ئێمەش ئامادەین پابەندی مەرجەکان بین."

بەپێی یاسای ئەمەریکا، فرۆشتنی گەورەی نێودەوڵەتی چەکەکان دەبێت سەرەتا لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت پێش ئەوەی ببنە بڕیاری کۆتایی.

یاسادانەرانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان گومانییان هەبووە لە فرۆشتنی چەکە هێرشکردنەکان بە سعودیە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە ڕۆڵی ئەو چەکانە لە کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیلدا لە هەڵمەتەکەی سعودیەدا لە یەمەن، هاوکات چەندین نیگەرانییان هەبووە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ.

بەڵام ئەو نیگەرانی و دژایەتییەی کۆنگرێس لەو بارەیەوە کەم بوونەوە، ئەوەش دوای هێرشەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، هەروەها هۆکارێکی دیکەش بۆ کەمبوونەوەی دژایەتییەکان گۆڕانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەی سعودیە بووە لە یەمەندا.

ئاستی مەترسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بوون، ئێران و حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێدەکات بەڵێنییان داوە تۆڵە لە ئیسڕائیل بکەنەوە دوای ئەوەی سەرکردەی سەربازیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژرا.

بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن گفتوگۆشی کردووە لەسەر پەیماننامەیەکی بەرگری و ڕێککەوتنێک لەسەر هاریکاری ئەتۆمی مەدەنی لەگەڵ سعودیەدا، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی بەرفراوانتردا کە سعودیە پابەند دەکات بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، بەڵام ئەوە هێشتا سەختە.

بەرپرسەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی لە مانگی سێی ساڵی 2022 ەوە، کاتێک سعودیەکان و حوسییەکانی یەمەن پابەندی خۆیان دەربڕی بە ئاگربەستەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە لە یەمەن بە شێوەیەکی بەرچاو نەماون و حوسییەکانیش لەو دیوی سنوورەکەوە هێرشییان نەکردووەتە سەر سعودیە.

لە ساڵی 2021 دا بایدن هەڵوێستێکی توندتری وەرگرت لەسەر فرۆشتنی چەک بە سعودیە، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ هەڵمەتە سەربازییەکەی سعودیە دژی حوسییەکانی یەمەن، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سڤیل.

جەنگەکەی ناو یەمەن وەکو جەنگێکی نێوان سعودیە و ئێران سەیر دەکرێت کە لە ڕێی بریکارەکانییانەوە ئەنجام دەدرێت. لە ساڵی 2014 دا حوسییەکان حکومەتەکەی یەمەنییان دوورخستەوە کە سعودیە پشتیوانی لێدەکرد، لە ساڵی 2015 ەوە هاوپەیمانییەکی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە چووە ناو جەنگەکەی یەمەنەوە و دژی حوسییەکان شەڕیکرد. شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزاران کەس و بووە هۆی ئەوەی کە لە سەدا 80 ی دانیشتوانەکەی یەمەن پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان ببەستن.

بەرپرسە باڵاکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی " ئێمە بەردەوام هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدەین بۆ لە ناوبردنی تواناکانی حوسییەکان، ئەو هەوڵەش بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت لەگەڵ هاوبەشەکانماندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG