بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند ئامادەیە گەشتەکان بۆ هێنانە دەرەوەی وەرگێڕە ئەفغانیەکان دەستپێبکات کە لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە.
کۆشکی سپی وتی لە کۆتا هەفتەی مانگی حەوتدا گەشتەکان بۆ هێنانە دەرەوەی هاوپەیمانەکان لە ئەفغانستان دەستپێدەکات، سەرەتا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داوای ڤیزای کۆچی تایبەتیان کردووە بۆ ئەمەریکا.
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە ڕەتی کردەوە ئاماژە بە ژمارەی ئەو ئەفغانیانە بدات کە واپێشبینی دەکرێت لە یەکەمین گەشتدا بن، هەروەها ئاماژەی بەو شوێنەش نەدا کە بۆی دەگوازرێنەوە.
ساکی وتی " هۆکاری ئەوەی ئێمە ئەم هەنگاوانە دەنێین ئەوەیە ئەوان کەسانێکی ئازان. دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی ئێمە بەو ئەرکانەیان دەزانین کە ماوەی چەند ساڵێکە کردوویانە."
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەلایەن نوێنەرانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانەوە ڕووبەڕووی فشار بۆوە تاوەکو پلانێک دابنێت بۆ هێنانە دەرەوەی ئەو ئەفغانیانەی یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە، پێش تەواوبوونی کشانەوەی سەرجەم هێزەکان لە مانگی داهاتوودا. مانگی ڕابردوو کۆشکی سپی پلانەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنی بە نوێنەرانی هەردوو حیزبەکە ڕاگەیاند.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس