Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن ئەمەریکا کۆتوبەندەکان لەسەر گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ سوریا کەم دەکاتەوە بەڵام سزاکان دەمێننەوە


دیمەشق، سوریا
دیمەشق، سوریا

چەند کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزییان وت ئەمەریکا بە نیازە کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکان لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکەی وەکو کارەبا بۆ سوریا ڕابگەیەنێت، هاوکات ئەو سزا توندانەی کە بەسەر ڕژێمەکەی سوریادا سەپاندبوونی دەمێننەوە.

بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن نیشانەیەکی نیازپاکی دەنێرێت بۆ فەرمانڕەوا ئیسلامییە نوێیەکانی سوریا.

ئامانج لەم بڕیارەش ڕێگەخۆشکردنە لەبەردەم باشکردنی گوزەرانی خەڵکی سوریا و لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی کاریگەریی و دەسەڵاتەکەی ئەمەریکایە.

بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریادا کۆبوونەتەوە، کە لەلایەن هەیئەت تەحریر ئەلشامەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بووە.

واشنتن دەیەوێت هەیئەت تەحریر ئەلشام هاریکار بێت لە ئەرکە پێشینەکانی وەکو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بۆ هەموو سوریاییەکان.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ سوریا پەسەند کردووە، بە تایبەتی یارمەتییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و یارمەتییە مرۆییەکانی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG