Accessibility links

شاندێکی ئەمەریکا لە قەتەڕ لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا کۆبوونەوە


ئەمەریکا دەڵێت یەکەمین گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و بەرپرسانی تاڵیبان " ڕاشكاو و پیشەیی بوون " و ئەمەریکا جەختی لەوە کردۆتەوە تاڵیبان لەسەر کردەوەکانی بڕیاری لەسەر دەدرێت نەک تەنها قسەکانی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی گفتوگۆکانی شاندەکەی ئەمەریکا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ سەنگی خستۆتەسەر نیگەرانیە ئەمنیەکان و تیرۆر و ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکی و بیانیەکان و ئەفغانیەکانی دیکەش، هەروەها سەنگ خراوەتەسەر مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش بەشداریکردنی ئافرەتان و کچان لە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەی ئەفغانیدا.

وتیشی هەردوولا تاوتوێی " پێدانی یارمەتیە مرۆییەکانی ئەمەریکا کردووە، ڕاستەوخۆ بە گەلی ئەفغانی."

وتی " گفتوگۆکان ڕاشکاو و پیشەیی بوون و شاندەکەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردۆتەوە تاڵیبان لەسەر کردەوەکانی بڕیاری لەسەر دەدرێت نەک تەنها قسەکانی."

وەزارەتی ناوخۆ لە کابوڵ وتی کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکە بەباشی بەڕێوەچووە. هەروەها پێشوازی لە پێشنیارەکەی ئەمەریکا کرد بۆ پێدانی یارمەتی مرۆیی و وتی بەرپرسانی ناوخۆ کارئاسانی دەکەن بۆ گەیشتنی یارمەتیەکان و هاریکاری لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکاندا دەکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەدا " ئەم یارمەتیە نابێت پەیوەست بێت بە کێشە سیاسییەکانەوە."

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " گفتوگۆکان سەبارەت بە کێشە پەیوەستدارەکانەوە بوون. دەبێت هەوڵبدرێت پەیوندییە دیبلۆماتیەکان باشتر ببن." ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر پێویست بێت گفتوگۆی لەوجۆرە لە داهاتووشدا ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG