فڕۆکە شەڕکەرەکانی چین چاودێری فڕۆکەیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکایان کرد کاتێک فڕۆکەکە بەسەر تەنگەی تایوانی هەستیاردا دەفڕی، هاوکات چین بۆ سێیەمین ڕۆژ بەردەوام بوو لە مەشقە سەربازییەکانی لە باشووری تایواندا.
چین بەهۆی ئەرکە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە لە تەنگەی تایوان توڕە بووە، ئەمەریکا زۆرجار کەشتی جەنگی بە تەنگەکەدا دەبات و هەندێک جاریش فڕۆکە، چین دەڵێت " مافی سەروەری هەیە بەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکەدا و بەشێکە لە وڵاتەکەی." تایوان و ئەمەریکا دەڵێن تەنگەی تایوان ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە.
کەشتیگەلی حەوتی هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی فڕۆکەی ئێشکگری دەریایی پوسایدن P-8A و فڕۆکەیەکی دیدەوانی کە بە هەمان شێوە بۆ ئەرکەکانی دژ بە ژێرئاوگەڕەکان بەکاردەهێندرێت، لە سنووری ئاسمانی نێودەوڵەتیدا بەسەر تەنگەی تایواندا فڕیون.
وتیشی " لە ڕێی ئەنجامدانی ئەرکەوە لە تەنگەی تایواندا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەمەریکا ڕێز لە مافەکانی ئازادی هاتوچۆ و ئازادی سەرجەم وڵاتان دەگرێت."
سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی سوپای چین لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیدان و هەمیشە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرگری لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە دەکەن."
وەزارەتی بەرگری تایوان وتی فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی چین بۆ سێیەمین ڕۆژ بەردەوام بوون لە مەشقەکانییان لە باشووری تایواندا، وتیشی 26 فڕۆکەی چینییان بینیوە ڕەوانەکراون بۆ وەڵامدانەوەی " فڕۆکە پوسایدنەکەی ئەمەریکا."
وەزارەتەکە وتی فڕۆکە ئەمەریکاییەکە لەسەر هێڵی ناوەندی تەنگەکە ماوەتەوە و بەرەو باشوور ڕۆیشتووە، هێزەکانی تایوانیش چاودێرییان کردووە.
هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان هێڵێکی نافەڕمییە و تایوان و چین لە یەکتر جیادەکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز