Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت فشارەکانی چین بۆ سەر تایوان هەڕەشەیە بۆ سەر سەرجەم دیموکراسییەکان


ساندرا ئۆدکیرک
ساندرا ئۆدکیرک

دیبلۆماتکاری باڵای ئەمەریکا لە تایوان ساندرا ئۆدکیرک وتی فشارە دیبلۆماتی و سەربازییەکانی چین بۆ سەر تایوان هەڕەشەیە بۆ سەر سەرجەم دیموکراسییەکان و ئەمەریکاش پابەندە بە یارمەتیدانی تایوانەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

لە لێدوانێکیدا لە ژووری بازرگانی ئەمەریکا لە تایپێی پایتەختی تایوان، ساندرا ئۆدکیرکی بەڕێوبەری دامەزراوەی ئەمەریکا لە تایوان کە پەیوەندییەکانی نێوان تایوان و ئەمەریکا بەڕێوە دەبات لەکاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی فەڕمی لە نێوانیاندا نیە، وتی مامەڵەکردن لەگەڵ " ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین ڕووبەڕووی کێشەی ناوازە بووەتەوە "

ئۆدکیرک وتی " ڕەفتارە دوژمنکارییەکەی چین بەرامبەر تایوان هیچ کات وەکو ئێستا ئاشکرا نەبووە، چین بەردەوامە لە زیادکردنی فشارە سەربازیی و ئابووری و دیبلۆماتییەکان بۆ سەر تایوان."

ئۆدکیرک لە کۆنفرانسێکدا لە ژووری بازرگانی ئەمەریکا لە تایوان کە سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێنیش ئامادەی بوو وتی " چالاکییە سەربازییە وروژێنەرەکانی چین لەنزیک تایوان تێکدەرانەن، ترسی بە هەڵە لێکدانەوەیان لێدەکەوێتەوە و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە."

وتیشی " بەردەوامبوونی هەوڵەکانی پەکین بۆ لەناوبردنی پێگە نێودەوڵەتییەکەی تایوان و فشار خستنە سەر هاوڕێکانی و دەستوەردان لە سیستمی دیموکراسی تایواندا هەڕەشەن بۆ سەر سەرجەم دیموکراسییەکان."

چین تایوانی دیموکرات بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا فشارە سەربازیی و دیبلۆماتییەکانی سەر تایوانی زیادکردووە.

ئەمەریکا گرنگترین پشتیوانیکەری تایوانە و چەکی دەداتێ، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە لە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چیندا.

ئۆدکیرک وتی لەپێناو ئەوەی کە ڕۆڵی تایوان پتەوتر بێت وەکو هاوبەشێکی ئاسایش لە ناوچەکەدا، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە یارمەتیدانی تایوانەوە " تاوەکو تواناکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنکارییەکان و بەرگریکردن لە خۆی بپارێزێت."

ئۆدکیرک وتی " ئێمە بەرژەوەندییەکی هاوبەشمان هەیە لە ئاشتی و سەقامگیری سەرانسەری تەنگەی تایواندا. پێمان وایە ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی هیندۆ – پاسیفیک و زۆریش نیگەرانین سەبارەت بە هەوڵە بەردەوامەکانی چین بۆ لەناوبردنی ئەو سەقامگیرییە."

تایوان دەسەڵاتی چین بەسەر دورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت تەنها گەلی تایوان دەتوانێت بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG