Accessibility links

جێمس جێفری وەک نێردراوی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش و سوریا دەستبەرداری پـۆستەکەی دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند جێمس جێفری نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش و نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا دەستبەرداری ئەم دوو ئەرکەی دەبێت.

مایک پەمپـێیۆ دوێنێ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی جێمس جێفری کرد و گوتی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی لەم پـۆستەدا بووە، کاری بەرچاوی ئەنجامداوە لە شەڕی دژی داعش و هەوڵەکان بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا و هەروەها زیادکردنی فشاری ئابوری و سیاسی بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد و ئاگربەستی نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

پەمپـێیۆ لە کۆتایی بەیاننامەکەی نووسیویەتی جۆڵ ڕەیبێرن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و نێردراوی تایبەت ئەمەریکا بۆ سوریا، ڕاسپاردووە بە کارەکانی جێفری هەستێت ئەوانەی پەیوەستن بە سوریا و باڵیۆز نەیثن سێڵس کۆمسیاری شەڕی دژە تێرۆرزم کارەکانی نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش لە ئەستۆبگرێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، جێمس جێفری لە مانگی هەشتی ساڵی 2018 دەستبەکاربوو و لە سەرەتای ساڵی 2019 شوێنی برێت مەکگۆرکی گرتەوە. برێت مەکگۆرک وەک ناڕەزایـیەک بەرامبەر بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بڕیاری دەست لەکێشانەوەی دا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG