Accessibility links

کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا بەرژەوەندییە ستراتیژیەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە


ژمارەیەک لە شارەزایان دەڵێن کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا ڕەنگە ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بەم ستراتیژییە نادیارەی وابەستەیی لەشکر کە پێ دەچێت زۆر لە بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی نیشتمانی بخاتە مەترسییەوە.

مارک کاتز پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج مەیسن لە ڤێرجینیا و شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵای ناوەڕاست و ڕوسیا دەڵێت " پێم وابێت کێشەکە ئەوەیە لە کاتێکدا کە بەشداریکردنمان شتەکان باشتر نەکەن، بەشداری نەکردنیشمان باشتریان ناکەن."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ بە بڕیارەکەی مانگی 12ی بۆ کشانەوەی نزیکەی 2 هەزار سەربازی ئەمەریکا لە سوریا هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی توشی سەرسوڕمان کرد.

بیانوی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی لەشکری ئەمەریکا لە سوریا ئەوەیە کە داعش شکستی هێناوە یان هەر هیچ نەبێت هیچ ناوچەیەکی گەورەی سوریا و عێراق لە ژێردەستدا نەماوە، هەرچەندە ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشێکی کوشندەی داعشدا لە سوریا چوار ئەمەریکایی کوژران، دوو سەرباز و دوو سیڤیلی کە کاریان بۆ وەزارەتی بەرگری دەکرد. ئەم هێرشەش ئەوەی نیشان دا کە گروپی تیرۆستی داعش هێشتا چالاکە لە ناوچەکەدا.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس ڕۆژی چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا مانای ئەوە نییە ئەمەریکا چیتر پەیوەندی نابێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

پێنس لە وتارێکیدا بۆ دیپلۆماتان لە وەزارەتی دەرەوە گوتی " ئێمە بەرگری لەو دەستکەوتانە دەکەین کە سەربازەکانمان و هاوپەیمانەکانمان بەدەستیان هێناوە، بەڵام ئەم سەرۆکە هەمیشە باسی لە خواستی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕە بێ کۆتاییەکانی ئەمەریکا کردووە."

ڕەخنەگران نیگەرانی ئەوەیان هەیە بڕیاری بەجێهێشتنی سوریا خاڵە گرنگەکانی ستراتیژی ئەمەریکا بنکۆڵ دەکات بۆ ڕێگەگرن لە هەڕەشەی تیرۆرزم لە ناو وڵات، بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی دەسەڵاتی لەشکری ئێران لە ناوچەکە و بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیلی هاوپەیمانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

​هێرشەکەی داعش ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا چەکدارانی ئەو گروپە تیرۆرستیە هەڕەشەن بۆ سەر سوریا. بەبێ بوونی لەشکری ئەمەریکا لەوێ نیگەرانییەکی زۆر هەیە کە توندڕەوە ئیسلامییەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و هێرشە تیرۆرستییەکانیان بگوازنەوە بۆ ناو ئەوروپا و ئەمەریکا.

سیناتۆری بەناوبانگی کۆماری لێندزی گراهم لە وەڵامی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا گوتی " نیگەرانی من لە ڕاگەیاندنەکانی سەرۆک ترامپ ئەمەیە کە هەستی هاندانی لای ئەو دوژمنە دروستکردووە کە شەڕیان دەکەین."

لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایانی بواری ئاسایشی پێیان وایە وابەستەیی سنوورداری ئەمەریکا لە سوریا هەوڵەکان بۆ بە تەواوەتی لەناوبردنی یاخیبوان لەناو دانیشتوانی سیڤیلدا بنکۆڵ دەکات.

ئارۆن دەیڤد میلەر بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوەندی ویدرۆ وێڵسن لە واشنتۆن دەڵێت " بۆ ئەوەی بە تەواوەتی داعش لە ناو ببەیت پێویستت بە سوریایەکی نوێ هەیە و ئەمەش لە توانایی ئێمە بەدەرە، ئێمە 200 ملیار دۆلار تەرخان ناکەین بۆ بونیاتنانەوەی سوریا و بێ گومان ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە هیچ شێوەیەک ئەم کارە ناکات."

بەرهەڵستانی ئەمەریکا لە سوریا، ڕوسیا و ئێران و تەنانەت تورکیای هاوپەیمانی ئەمەریکاش لە هەوڵە لەشکرییەکانیان لە سوریا بەردەوام دەبن.

بەشار ئەلئەسەدی سەرۆکی سوریا و هاوپەیمانەکانیشی بە ئازادانە بەردەوام دەبن لە سەرکوتکردنی دڕندانەی ئۆپزسیۆنی میانەڕەو. تورکیاش ڕەنگە ڕووبەڕووی شەڕڤانە کوردەکانی سوریا ببێتەوە کە پێی وایە هەوڵی بە دەستهێنانی دەوڵەتی کوردی دەدەن.

سەرۆک ترامپ لە تویتێکدا هەڕەشەی کرد کە ئابوری تورکیا وێران دەکرێت ئەگەر هێرش بکاتە سەر کوردەکان.

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ کەوتە ژێر ڕەخنەیەکی زۆر بۆ بەجێهێشتنی هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە سوریا. وەزیری پێشووی بەرگری جیم ماتس لەسەر ئەو بڕیارە دەستیلەکار کێشایەوە و لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند پلەو پایەی ئەمەریکا لە جیهاندا بە هێشتنەوەی هاوپەیمانانی و بەڵێنەکانی دەمێنێتەوە.

ماتس لە نامەکەدا نوسیبوی " ئێمە ناتوانین بەرژەوەندییەکانمان بپارێزێن و ئەو ڕۆڵە کاریگەرە بگێڕین بەبێ هێشتنەوەی هاوپەیمانانمان و نیشاندانی ڕێز بۆ ئەوانەی هاوپەیمانمانن."

کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورەش بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا بە زیادبوونی کاریگەری ئێران و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، کە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG