Accessibility links

کۆشکی سپی بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە لە بارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا


بەشی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پاش کۆبوونەوەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت ئەمەریکا وابەستەیە بە نەهێشتنی پاشماوەکانی داعش لە سوریا، بەمەش لە ئێستادا هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەمێننەوە.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە سەرۆک ترامپ قایلبووە هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا نەکشێنەوە، بەڵام گوتوشیەتی ناخوازێت هێزەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ لەوێ بمێننەوە.

سەرۆک ترامپ دوێنێ سێشەممە گوتی دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنەوە. گوتیشی ئەگەر سعودیـیە خوازیارە هێزەکانمان لەوێ بمێننەوە با پارەی خەرجیـیەکانی ئەو هێزانە دابینبکات.

دەقی ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆی کۆشکی سپی:

"ئەرکی لەشکری بۆ نەهێشتنی داعش لە سوریا وا بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئەمەش پاش ئەوەی نزیکەی تەواوی داعش لەناوبرا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی وابەستەن بەوەی پاشماوە بچوکەکانی داعش لە سوریا لەناوبەرن کە هێشتا هێزەکانمان کۆتایی‌یان پـێنەهێناون. بەردەوام دەبین لە ئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوونەکان لەگەڵ هاوپەیمانانمان و دۆستانمان سەبارەت بە پـلانەکانی ئایندە. پـێشبینی دەکەین وڵاتانی ناوچەکە و دەوروبەری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاربکەن بۆ ئاشتی و مسۆگەرکردنی ئەوەی داعش سەرلەنوێ سەرهەڵناداتەوە."

XS
SM
MD
LG