Accessibility links

کۆماری و دیموکراتەکان دەڵێن ئامادەکاری دەکەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا


ئەرشیفی وێنە
ئەرشیفی وێنە

هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی ئەمەریکا دەڵێن بەنیازن کۆمەڵێک سزای توند بەسەر تورکیا بسەپـێنن لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشیـیەی کردووەیەتە سەر کوردەکان لە باکوری سوریا.

سیناتۆر لیندزی گراهامی کۆماری لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەمڕۆ دووشەممە قسەی لەگەڵ نانسی پـیڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و ئەویش پشتیوانی خۆی دەربڕیوە بۆ ئامادەکردنی سزاکان لەلایەن هەردوو پارتەوە لە دژی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا. دەشڵێت خانم پـیڵۆسی ئەویش پـێیوایە پـێویستە پـشتیوانی خۆیان بۆ کوردە هاوپەیمانەکانیان نیشان بدەن وە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش.

سیناتۆر گراهام دەشڵێت لەگەڵ دیموکراتەکان بە خێرایی کاردەکات بۆ ئامادەکردنی سزاکان وە ستایشی سەرۆک ترامپی کرد کە ئامادەیی دەربڕیوە لەگەڵ کۆنگرێس کاربکات.

خانم نانسی پـیڵوسی دیموکرات ئەویش لە تویتەرەکەی نووسیویەتی لەگەڵ سیناتۆر لیندزی گراهام ڕێکەوتووە کە دەستبەجێ پـرۆژە بڕیارێکیان هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە "مەترسیدارەکەی" سەرۆک ترامپ سەبارەت بە سوریا.

دەڵێت پاشان هەردوو پارت پـێکەوە پـرۆژە بڕیارێک ئامادەبکەن بۆ سزادانی تورکیا بە شێوەیەک توندتربێت لەوەی سەرۆک ترامپ پێشنیاری کردووە.

چەک شومەر گەورە سیناتۆری دیموکراتەکان ئەویش دەڵێت بڕیارە "سەرەڕۆ و هەڵەکەی" سەرۆک ترامپ سەربازانی ئەمەریکایی لە سوریا خستووەتە بەردەم مەترسیـیەوە و دەستی دیکتاتۆرەکانی وەکو پـوتن و ئەسەد و ئەردۆغانی واڵاکرد.

داواشی لە کۆماریـیەکان کرد ڕووبەڕووی سەرۆک ترامپ ببنەوە بەر لەوەی زیندانکراوی زیاتری داعش ئازادبکرێن.

XS
SM
MD
LG