Accessibility links

سیناتۆرێـکی ناوداری ئەمەریکا گومانی هەیە وتووێژەکانی ئاشتی سوریا ئەنجامیان هەبێت


سه‌رۆکی کۆمیتەی دەرەوەیی له‌ ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا گومانی هەیە له‌وەی وتووێژە نوێـیه‌کانی ئاشتی سوریا، ئەوەی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ بەڕێوەدەچن ئەنجامیان هەبێت.

سیناتۆر کۆماری بۆب کرۆکەر ئەمڕۆ دووشەممە له‌ چاوپێـکەوتنێـکی تایبه‌تدا لەگه‌ڵ مایکڵ بۆومان له‌ بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمەریکا گومانی خۆی نیشاندا ئەو وتووێژانە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی سوریا بهێنن یان ببنە مایەی وازهێنانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات.

گوتی " لەم ساتە زۆر قورسە. چونکە پـێموایه‌ ئۆپـۆزسیۆن که‌ وه‌کو ئێوه‌ش ده‌زانن، هه‌فتەی ڕابردوو خرایە دۆخێکی ناخۆشەوە. ئەو بابەتە مرۆیـیانەی داوایان دەکرد نەکران، تەنانە ژن و ئەو منداڵانەش ئازاد نەکران کە لە ئەنجامی دەسـتدرێژی سێکسی نێو زیندانەکانی ئەسەد لەدایکبووبوون. ئینجا بۆیە پـێموایە لە شوێنێـکەوە دەسـتیپـێکردووە کە وەها دەکات زۆر قورسبێت بەو ئەنجامانە بگات. بە دڵنیایـیەوە پشـتیوانی لە وتووێژی دیپـلۆماسی دەکەم و لەو بڕوایەدام هەموو کەسێـک پـشتیوانی لێ دەکات، بەڵام لە ئێسـتادا هەست ناکەم شتەکان لە شوێنی ڕاستی خۆیاندا بن."

سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێران، سیناتۆر کرۆکەر گوتی خوازیارە ڕێکەوتنەکە سەرکەوتووبێت کە هەرچەندە لەگەڵیدا نیـیە و هەتا ئەمڕۆش تێبینی زۆری لەسەر هەیە.

گوتی" من پـشتیوانیم لێنەکرد، بەڵام بێ گومان دەمەوێت سەربگرێت. مەبەستم وەکو خۆت دەزانیت شتی باشم بۆ وڵاتەکەمان دەوێت، شتی باشم بۆ هەرێمەکە دەوێت."

پاشان گوتی لەوەتای ڕێکەوتنەکە بووە ئێران ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایشی پـێشێلکردوووە، ئەوانەی پەیوەستن بە تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی. ئاماژە بۆ ئەوەش کرد بە دەسـتی کۆنگرێسە هەموو شتێـک بکات کە لە توانایاندا بێت بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران.

پاشان لە بارەی داعشەوە پرسیاری لێکرا کە لەم کاتەی لە چەندان بەرەدا دووچاری شکست بووە، بەڵام هێشتا لەم وڵات و ئەو وڵات سەردەردەکات، هەر لە ئەفغانستانەوە هەتا دەگاتە لیبیا، ئایا هێشتا بڕوای وایە ئەمەریکا لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست لە دژی داعش دواکەوتووە.

سیناتۆر کرۆکەر وەڵامی بەڵێ بوو و نمونەیەکی هێنایەوە و گوتی بڕوا دەکەن یان نا کاتێک داعش لە ئەفغانستان شوێن پـێی بۆخۆی کردەوە لەشکری ئەمەریکا بەپـێی ئەرکەکانی پـێی سپـێردرابوو بۆی هەبوو لە قاعیدە بدات، بەڵام لە داعش نا، ئەمەش جێگەی گاڵتەجاڕێـی، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئاشتۆن کارتەر ئەو هەڵەیەی ڕاستکردەوە.

XS
SM
MD
LG