Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا ڕێگە دەدات بەشێـکی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ قەدەغەی هاتن بۆ وڵاتەکە جێبەجێ بکرێت


دادگای باڵای ئەمەریکا دەڵێت پـیاداچوونەوە بە فەرمانی سەرۆکایەتیەکەی سەرۆک ترامپ دەکات بۆ ڕاگرتنی هاتنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێـک بۆ ناو وڵاتەکە. دەشڵێت لە هەمان کاتدا دەکرێت بەشێکی فەرمانەکە لە ئێستاوە کاری پـێبکرێت.

بەپـێی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ دەبێت ڕێگە نەدرێت هاوڵاتیانی شەش وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ بێنە ناو ئەمەریکاوە و هەروەها بەرنامەی هاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکە بۆ ماوەی 120 ڕۆژ ڕابگیرێت، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی وڵاتەکە لە هەڕەشەی دەرەکی. بەڵام جێبەجێکردنی فەرمانەکە ڕاگیرا بە بڕیاری دوو دادگای فیدراڵی کە یەکێکیان لە ویلایەتی مێریلاندە و ئەوی دیکەیان لە هاوایی، بۆیە سەرۆک ترامپ کەیسەکە ڕەوانەی بەردەم دادگای باڵا کرد.

دادگای باڵا ئەمڕۆ دووشەممە قسەی خۆی لەسەر کەیسەکە کرد و گوتی دەکرێت فەرمانەکەی سەرۆکایەتی جێبەجێ بکرێت کە ڕێگە دەگرێت لە هاتنی هاوڵاتیان بۆ ناو ئەمەریکا لە شەش وڵاتەوە، ئەوانیش (لیبیا، ئێران، سۆماڵ، سودان، سوریا، یەمەن).

بەڵام گوتیشی ناکرێت قەدەغەی گەشتکردن بۆ وڵاتەکە بسەپـێنرێتە سەر ئەو کەسانەی لە ئەمەریکا دەخوێنن یان کاردەکەن یانیش پەیوەندی خێزانیان هەیە.

هەروەها دادگاکە مۆڵەتی جێبەجێکردنی ئەو بەشەی فەرمانەکەی دا کە بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی هاتنی پەنابەرانە بۆ ماوەی 120 ڕۆژ.

دادوەران پـێشبینی دەکەن لە پایزدا دانشتن بۆ کەیسەکە ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG