Accessibility links

ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر چەکدارانی داعش لە کابوڵ


ڕۆژنامەنووسە ئەفغانیەکان وێنەی ئەو ئوتومبێلە دەگرن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمەریکا کردییە ئامانج
ڕۆژنامەنووسە ئەفغانیەکان وێنەی ئەو ئوتومبێلە دەگرن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمەریکا کردییە ئامانج

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوی کردە ئامانج، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتیان خۆکوژەکە خۆی ئامادە کردبوو هێرش بکاتە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام بوون لەکارەکانیان بۆ تەواوکردنی کشانەوەکە.

ئەمەش دووەمین هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بوو دوای هێرشە خۆکوژییەکەی ڕێکخراوی داعش لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ کە بووە هۆی کوژرانی 13 سەربازی ئەمەریکی و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەفغانی.

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان هێرشەکە چەکدارانی ڕێکخراوی داعشی خۆراسانی کردۆتە ئامانج کە لقێکی سەر بە داعشە و دژی ڕۆژئاوا و تاڵیبانیشە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی هێرشەکە لەڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و ئەو ئوتومبێلەی کردوویەتیە ئامانج بڕێکی زۆر تەقەمەنی پێبووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدابوو نیگەرانی ئەگەری هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵن، بەتایبەتی لەلایەن ڕێکخراوی داعشی خۆراسانەوە، بەدیاریکراویش هێرشەکان لەڕێی موشەک و ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوەوە.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی فەرماندەکانی سوپای ئەمەریکا پێیان وتووە ئەگەری هێرشی دیکە زۆر بەرزە.

بەرپرسێکی ڕۆژئاوا وتی هێرشەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەکاتێکدا بوو هاوڵاتیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ چاوەڕێیان دەکرد بگوازرێنەوە بەرلەوەی دوایین سەربازەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە. بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بە ڕۆیتەرزی وت کەمتر لە 4000 سەربازی ئەمەریکی لە کابوڵ ماونەتەوە.

لەلای خۆیەوە تاڵیبان وتی دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە هێرشە ئاسمانیەکەی ئەمەریکا و دەیانەوێت بزانن کە ئایا ئوتومبێلەکە تەقەمەنی تێدا بووە یاخود نا.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمەریکا و هاوپەیمانان تاوەکو ئێستا نزیکەی 114,400 کەسیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستۆتەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان، لەوانەش هاوڵاتیانی بیانی و ئەو ئەفغانیانەی تێدایە کە هەڕەشەیان لەسەرە، بەڵام دەیان هەزارانی دیکە کە دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن، هێشتا ماونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG