ئەمەریکا دەڵێت پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا " ژینگەیەکی نموونەیی " ڕەخساندووە بۆ زیادبوونی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لەکاتێکدا حکومەتەکان سەنگی تەواویان خستۆتەسەر قەیرانە تەندروستیەکە، ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن سوودیان لە خەڵکە لاوازەکە وەرگرتووە.
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا سەبارەت بەو بابەتە هەوڵەکانی هەندێک وڵاتی بەرز نرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، هاوکات ئاماژەشی بەوەدا هەندێک وڵاتی دیکە هەوڵەکانیان لەو بارەیەوە کەمبۆتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕاپۆرتە ساڵانەییەکەی ئاشکرا کرد و وتی بە خەڵمێندراوی نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
وتی " زۆرێک ناچارکراون کاری سێکسی ئەنجام بدەن، زۆرێک ناچارکراون لە کارگەکان یاخود لە کێڵگەکاندا کاربکەن، هەروەها زۆرێکیان ناچارکراون بچنە ناو گروپە چەکدارییەکانەوە."
وتیشی " ئەمە قەیرانێکی جیهانییە، سەرچاوەیەکی گەورەی ئازاری مرۆڤەکانە."
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا " بارودۆخێکی ڕەخساندووە کە بۆتەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی لاوازن لەبەردەم بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و هەروەها پلانەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردنی بە مرۆڤەوە ڕاگرت."
دەشڵێت " حکومەتەکانی سەرانسەری جیهان هەموو سەنگەکانیان خستەسەر بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، زۆرجار لەسەر حسابی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو " هاوکات، ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن بەخێرایی خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا گونجاند تاوەکو سوود لەو لاوازییانە وەربگرن کە بەهۆی پەتاکەوە دەرکەوتن."
بەڕێوبەری ئۆفیسی چاودێریکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکرد بە مرۆڤەوە کاری جۆنستن وتی کۆی هۆکارەکان " بوونە هۆی ڕەخساندنی ژینگەیەکی نموونەیی بۆ زیادبوون و پەرەسەندنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."
بۆ نموونە، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات " لە هیندستان و نیپاڵ، کچانی هەرزەکار لە خێزانە هەژارەکان و ناوچە دوورەدەستەکان زۆرکات پێشبینی ئەوەیان لێکراوە لە ماوەی قەیرانی ئابووریدا واز لە خوێندن بهێنن و پشتیوانی خێزانەکانیان بکەن."
دەشڵێت " هەندێکیان ناچارکراون بە پارە هاوسەرگیری بکەن، هەندێکی دیکەیان ناچارکراون کار بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو داهاتەی کە نەماوە."
لە هەندێک وڵاتی دیکەدا، بە ئەمەریکاشەوە، خاوەن ماڵەکان کرێچییەکانیان ناچارکردووە کاری خراپییان لەگەڵدا بکەن لەکاتێکدا کە نەیانتوانیوە کرێ بدەن، لە هەندێک وڵاتی دیکەدا باندەکانی تاوان خەڵکیان لە کامپی ئاوارەکاندا کردۆتە ئامانج.
سەرچاوە/ فرانس پرێس