Accessibility links

ئەمەریکا: تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی بەربڵاوە لە سەرانسەری جیهاندا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا وتی لە ساڵی ڕابردووەوە گروپە تیرۆریستیەکان " هێشتا هەڕەشەیەکی بەربڵاو و بەردەوامن لە سەرانسەری جیهاندا."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە کۆتایی ساڵی 2020 دا وتی " ئەمەریکا و هاوبەشەکانی هەنگاوی گەورەیان دژی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان گرتەبەر، بەڵام هەڕەشەکانی تیرۆر لەڕووی جیۆگرافییەوە لە سەرانسەری ناوچەکانی جیهاندا زیاتر بڵاوبوونەتەوە."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش زۆرینەی ناوچەکانی لە عێراق و سوریا لەدەستداوە " ڕێکخراوەکە و لقەکانی هێشتا بەردەوامن لە زیادکردنی هەڵمەتەکانی تیرۆر و ئەنجامدانی هێرشی کوشندە لە سەرانسەری جیهاندا." لە ساڵی 2020 دا لە هەموو ساڵەکانی پێشووتر زیاتر خەڵکیان کوشتووە.

هەروەها سەبارەت بە ئەل قاعیدەش، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەل قاعیدە و هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووی " لەدەستدانی دوو سەرکردەیان بوونەوە، بەڵام تۆڕەکەیان " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەردەوامە لە سوود وەرگرتن لەو ناوچانەی ململانێ و بۆشایی ئاسایشیان تێدایە تاوەکو هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " ئەل قاعیدە بوونی خۆی لە دەرەوە بەهێزتر کردووە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، لە ئەفریقا گروپەکانی ئەل شەباب و جەماعەت نەسرول ئیسلام وەل موسلیمین لە ساحیل هێشتا چالاکترین و مەترسیدارترین گروپی تیرۆریستین لە جیهاندا."

هەروەها سەبارەت بە ئێرانیش وتی " لە ساڵی 2020 دا ئێران بەردەوام بووە لە پشتیوانیکردنی کردەوە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە و جیهانیشدا، لە ناوچەکەدا، ئێران پشتیوانی لە گروپە چەکدارییەکانی عێراق و بەحرەین و لوبنان و سوریا و یەمەن کردووە، لەوانەش حیزبوڵا و حەماس."

هەروەها دەڵێت " بەرپرسە باڵاکانی ئەل قاعیدە هێشتا لە ئێران نیشتەجێن و لەوێوە بەڕێوبەرایەتی ئەرکە تیرۆریستیەکان دەکەن. لە جیهانیشدا، سوپای پاسدارانی ئێران و هێزەکانی قودس کارەکتەری سەرەکی ئێرانن لە پشتیوانیکردن لە بەکرێگرتنی تیرۆریستان و پێدانی پارە و پلانگێڕان لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا و ئەمەریکای باکوور و باشووردا."

هەروەها وتیشی ڤایرۆسی کۆرۆنا " دیمەنی تیرۆریستانی ئاڵۆزتر کرد، کێشە و دەرفەتیشی بۆ گروپە تیرۆریستیەکان دروستکرد. لەکاتێکدا پەتاکە گەشت و دارایی و ئەرکەکانی تیرۆریستانی تێکدا، گروپە تیرۆریستیەکان خۆیان لەگەڵ شێواز و هەوڵەکاندا گونجاند، لەڕێی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەردەوام بوون لە توندڕەوکردنی خەڵکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی و هاندانیان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە سەرانسەری جیهاندا."

وتی " ڕێکخراوی داعش سوودی لە پەتاکە وەرگرت بۆ بەهێزکردنی لێدوانە توندڕەوەکانی، بانگەشەی ئەوەی دەکرد ڤایرۆسەکە تووڕەیی خودایە بۆ سەر ڕۆژئاوا."

سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکان، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا " ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی " بۆ دادگاییکردنی چەکدارە بیانیەکانی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیماناندا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی.

وتی بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی دیموکراتی سوریاوە دەستگیرکراون هەرگیز نەگەڕێنەوە بۆ شەڕکردن، " ئەمەریکا بەردەوامە لە پێشەنگبوونی لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی و دادگایکردنیان." لەوانەش ئەو 10 کەسەی کە بە تۆمەتی تیرۆر تاوانبار کراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG