Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفریقا سەردانی سعودیە و سودان و ئیسیوپیا دەکات


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا سەردانی سعودیە و سودان و ئیسیوپیا دەکات، ئەم سەردانەش لەنێوەندی قەیرانەکانی ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە ئەفریقیەدایە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا دەیڤد ساتەرفیڵد و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مۆڵی فیی لە 17-20 ی مانگی یەکەوە سەردانی ڕیاز و خەڕتوم و ئادیس ئابابا دەکەن.

لە سعودیە دوو بەرپرسەکەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوڕێیانی سوداندا کۆدەبنەوە، کە گروپێکن داوای گەڕاندنەوەی حکومەتی کاتی سودان دەکەن کە لە مانگی 10 دا لە کودەتایەکی سەربازیدا ئەو حکومەتە لابرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی مەبەست لە کۆبوونەوەکە " کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتیە " بۆ ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ " ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دیموکراسی لە سوداندا."

دواتر ساتەرفیڵد و فیی گەشت دەکەن بۆ خەڕتوم و لەوێ لەگەڵ چالاکەوانە دیموکراتخوازەکاندا کۆدەبنەوە، کە گروپەکانی گەنجان و ئافرەتان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کەسایەتیە سیاسیی و سەربازییەکان لەخۆدەگرێت.

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " پەیامەکەیان ڕوون دەبێت، ئەمەریکا پابەندە بە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەرییەوە بۆ گەلی سودان."

لە ئیسیوپیاش دوو بەرپرسەکەی ئەمەریکا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ زیادبوونی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەددا کۆدەبنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " هانی بەرپرسانی حکومەتی ئیسیوپیا دەدەن ئەم دەرفەتەی ئێستا هەیە بۆ ئاشتی بیقۆزنەوە و کۆتایی بە بۆدورمانەکان و دوژمنکارییەکان بهێنن."

هەروەها داوای ئاگربەست دەکەن و داواش دەکەن زیندانیە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و ڕێگە بدرێت دووبارە یارمەتیە مرۆییەکان بێنە وڵاتەکەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG