Accessibility links

کۆریای باکوور بەڵێن دەدات وەڵامێکی گەورەی مەشقە سەربازییەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا بداتەوە


دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە سوپای کۆریای باکوور دەڵێت وەڵامییان بۆ مەشقە جەنگییەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا " گەورە و یەکلاکەرەوە " دەبێت.

ئەم هۆشدارییەی کۆریای باکوور دوای ئەوە دێت لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک موشەکی هەڵداوە، بە موشەکی کیشوەربڕیشەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقێکی گەورەی سەربازیی ئاسمانییان ئەنجامدا.

کۆریای باشوور و ئەمەریکا باوەڕییان وایە کۆریای باکوور ئامادەکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی، کە دوایین جار لە ساڵی 2017 دا ئەو جۆرە چەکەی تاقیکردەوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی سوپای کۆریای باکوور دەڵێت وەڵامی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشووری داوەتەوە، وتیشی " مەشقەکان کارێکی وروژێنەرانەی ئاشکران."

وتیشی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکە مەبەست لێی زیادکردنی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا و مەشقێکی جەنگی مەترسیدارە کە سروشتێکی دوژمنکارانەی هەیە ڕاستەوخۆ " کۆریای باکوور " دەکاتە ئامانج.

وتی " کۆریای باکوور وەڵامی سەرجەم مەشقە جەنگییەکانی دژی کۆریای باکوور " دەداتەوە، ئەوەش لە ڕێی " ڕێوشوێنێکی گەورە و یەکلاکەرەوەوە."

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا ڕەتی کردۆتەوە مەشقەکان هیچ مەترسییەکیان لەسەر وڵاتانی دیکە دروست کردبێت.

سوپای کۆریای باکوور وتی چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە، لەوانەش هەڵدانی موشەکی باڵیستیکی تەکتیکی کە مەشقێک بووە لەسەر چۆنێتی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییە ئاسمانییەکان و خستنە خوارەوە فڕۆکەکانی دوژمن.

سوپای کۆریای باکوور وتی " یەکێک لەو موشەکە باڵیستیکییانەی هەڵمانداوە بۆ ئەوە بووە چالاکیی تایبەتی بۆمبەکانمان تاقی بکەینەوە لە پەکخستنی سیستمی سەرکردایەتی دوژمندا." بەڵام وردەکاری زیاتری سەبارەت بەو چەکە نەدا.

دەزگای ڕاگەیاندنی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری سوپای وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە " هێزی ئاسمانی کۆریای باکوور ئۆپەراسیۆنێکی جەنگی سەرتاسەریی ئەنجامداوە کە 500 فڕۆکە بەشدارییان تێدا کردووە."

ڕۆژی دووشەممە دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وێنەی مەشقە سەربازییەکانی کۆریای باکووری بڵاوکردەوە و چەند موشەکێکی دەرخست کە لە چەند شوێنێکی جیاوازی نەزاندراوەوە هەڵدراون.

شارەزایان دەڵێن پیۆنگیانگ بە تایبەتی نیگەرانە سەبارەت بەو مەشقە ئاسمانیە سەربازییە هاوبەشەی کە ئەمەریکا و کۆریای باشوور ئەنجامی دەدەن چونکە هێزی ئاسمانی کۆریای باکوور یەکێکە لە لاوازترین هێزەکانی لە سوپاکەیدا، فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوویان نیە و فڕۆکەوانەکانیشیان بە باشی مەشقییان پێنەکراوە.

توێژەرەوەیەکی ناوەندی سیجۆنگ لە کۆریای باشوور، چیۆنگ سیۆنگ چانگ وتی وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کۆریای باکوور ئاماژە بەوە دەدەن کۆریای باکوور سەنگی خستۆتە سەر لە ناوبردنی بنکە سەربازییە ئاسمانییەکان لە کۆریای باشوور.

چانگ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " کۆریای باکوور پێی وایە گرنگە سەرەتا لە بنکە سەربازییە ئاسمانییەکان بدات و لە ناوییان ببات چونکە هێزە ئاسمانییەکەی خۆی لاوازە."

بە بەراورد لەگەڵ هێزە ئاسمانییە کۆنەکەی کۆریای باکووردا، لە مەشقە سەربازییە هاوبەشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا و کۆریای باشووردا هەندێک لە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی کۆریای باشوور و ئەمەریکا بیندرا، بە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 35 یشەوە.

مەشقە سەربازییەکان بڕیار بوو تاوەکو ڕۆژی هەینی بەردەوام بن، بەڵام واشنتن و سیئۆل ڕۆژێکیان بۆ درێژ کردەوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG