هێزی دەریایی کۆریای باشوور ڕایگەیاند ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن مەشقێکی دەریایی هاوبەشی بەرگریی موشەکییان ئەنجام داوە کە مەبەست لێی ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی مەترسییە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور بووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی هەڵدا.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کۆریای باکوور نوێترین موشەکی هواسۆنگ – 18 ی هەڵدا کە پیۆنگیانگ بە سەرەکیترین چەکی هێزە ئەتۆمییەکەی ناوی دەبات، وتیشی هەڵدانی موشەکەکە " هۆشدارییەکی بەهێز بووە دژی دوژمنان."
هێزی دەریایی کۆریای باشوور وتی مەشقە سێ لایەنییەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی نێوان کۆریای باشوور و ژاپۆندا ئەنجام دراون، کەشتییە تێکشکێنەرەکانی سێ وڵات بەشدارییان کردووە کە سیستمی ڕاداری ئایجسییان لەسەر بووە.
ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی ماوەیەکە کاردەکەن بۆ باشکردنی سیستمی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان لەسەر موشەکەکانی کۆریای باکوور. کۆریای باشوور و ژاپۆن بە جیا پەیوەستن بە سیستمەکانی ڕاداری ئەمەریکاوە، بەڵام پەیوەست نین بە سیستمە ڕادارییەکانی یەکترەوە.
سوپای کۆریای باشوور وتی مەشقەکە ئامانج لێی باشکردنی " وەڵامی هاوپەیمانان بووە بۆ هەڵدانی موشەکێکی کۆریای باکوور."
ئەفسەرێکی هێزی دەریایی کۆریای باشوور وتی " چالاکانە لە ڕێی سیستمە بەهێزە سەربازییەکانمان و هاریکارییە سێ لایەنییەکەمانەوە وەڵامی مەترسییە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور دەدەینەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز