Accessibility links

وەکو وەڵامێک بۆ کۆریای باکوور، ئەمەریکا و کۆریای باشوور هەشت موشەک هەڵدەدەن


سیستمی موشەکی ئاڕمی تاکتیکاڵ
سیستمی موشەکی ئاڕمی تاکتیکاڵ

وەکو وەڵامێک بۆ تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستییەکەی ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن کۆریای باکوورەوە، کۆریای باشوور و ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە هەشت موشەکییان لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆریای باشوور هەڵدا.

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور لە زاری سوپای کۆریای باشوورەوە بڵاویکردەوە هەڵدانی موشەکەکان " توانا و ئامادەییمان دەردەخات بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ورد " دژی سەرچاوەی تاقیکردنەوە موشەکییەکان یاخود ناوەندەکانی سەرکردایەتی و پشتیوانییەکانی کۆریای باکوور."

سەرۆکی کۆریای باشوور یون سوک یوۆل کە مانگی ڕابردوو وەکو سەرۆکی نوێی وڵاتەکە هەڵبژێردرا، بەڵێنیداوە هەڵوێستێکی توندتری هەبێت بەرامبەر کۆریای باکوور و لە کۆبوونەوەکەی مانگی پێنجدا لە سیئۆل لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا ڕێکەوتن لەسەر نوێکردنەوەی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوانیان.

لەم ساڵدا کۆریای باکوور کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی موشەکیی ئەنجامداوە، یون دەڵێت بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی ئەو وڵاتە گەیشتۆتە ئاستێکەوە کە ئێستا هەڕەشەی بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە و جیهانیش دروست کردووە.

یون وتی " کۆریای باشوور بەردەوام دەبێت لە بونیادنانی توانا کرداریی و بنچینەییەکان بۆ ئاسایشی وڵاتەکە و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە موشەکی و ناوەکییەکانی کۆریای باکوور."

دەزگای هەواڵی یۆنهاپ وتی سوپای کۆریای باشوور و ئەمەریکا هەشت موشەکی سەر ڕووی زەوی بۆ سەر ڕووی زەوییان لە ماوەی 10 خولەکدا هەڵداوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەشت موشەکەی کە کۆریای باکوور لە ڕۆژی یەکشەممەدا هەڵیدان.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی هەشت سیستمی موشەکی ئاڕمی تاکتیکاڵ هەڵدراون.

سەرکردایەتی ئیندۆ – پاسێفیکی ئەمەریکا وتی مەشقەکە یەک موشەکی سوپای ئەمەریکا و حەوت موشەکی کۆریای باشووری لەخۆگرتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG