بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن ئیسڕائیلی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە واشنتن لە چەند هەفتەی داهاتوودا قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو نیشتەجێیە ئیسڕائیلییە توندڕەوانەدا کە بەشدارن لە توندوتیژییەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و کابینەی جەنگەکەیدا پێی ڕاگەیاندوون کە ئەمەریکا ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتەبەر دژی ژمارەیەکی ئاشکرا نەکراو لە ئیسڕائیلییەکان.
کەناری ڕۆژئاوا کە یەکێکە لەو ناوچانەی کە فەلەستینییەکان تێیدا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت دەدەن، توندوتیژییەکان تێیدا لەم چەند مانگەی دواییدا زیادییان کردووە، ئەوەش لە نێوەندی فراوانکردنی نیشتەجێی جووەکاندا.
توندوتیژییەکان کە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا بەم شێوەیە زۆر نەبووە، دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە، زیاتر بوون.
ئەمەریکا چەندین جار نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا، دەڵێت دەبێت بوەستێت. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە 18 ی مانگی یانزەدا لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کارێک دەکات دژی ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان.
بایدن وتی " لەگەڵ ڕابەرانی ئیسڕائیلدا جەختم لەوە کردووەتەوە کە دەبێت توندوتیژییەکانی توندڕەوەکان دژی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا بوەستێنرێت و ئەوانەی توندوتیژیی ئەنجام دەدەن دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمەریکا ئامادەیە هەنگاوی خۆمان بنێین، لەوانەش قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بەو توندڕەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە کەناری ڕۆژئاوا."
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی واشنتن ویستوویەتی ئیسڕائیل لێپێچینەوە لە تاوانکارەکان بکات بەڵام هێشتا ئیسڕائیل ئەو هەنگاوەی نەگرتووەتەبەر. وتیشی ئەم قەدەغەکردنانە ڕەنگە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بسەپێنرێن.
بەپێی ژمارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1200 ئیسڕائیل و بە بارمتە گرتنی نزیکەی 240 کەس، هێرشی ڕۆژانەی نیشتەجێیە جووەکان دژی فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا دوو هێندە بووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز