Accessibility links

کاریگەری داخستنی بەشێک لە دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا بەسەر ئابوری وڵاتەکە


داخستنی بەشێک لە دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا لە چوارهەم هەفتەیدایە و هێشتا دیار نییە کەی کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە دێت.

نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری حکومەتی ئەمەریکا و ئەو کەسانەی گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ حکومەتدا هەیە لە کارەکانیان ڕاگیراون یان بەبێ مووچە کار دەکەن. ئەو کەسانەشی هەوڵی دامەزراندنی کارداریی بچووک دەدەن ناتوانن دەستبەکارەکانیان بکەن چونکە ناتوانن ژمارەی باجدان بدەستبهێنن.

ئەم دۆخە کە ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی نوێی ئەمەریکا بۆ ئەم ماوە درێژە بەشێکی حکومەت دابخرێت، زیانێکی زۆری دارایی نەک تەنها بەر فەرمانبەرە حکومیەکان کەوتووە، بەڵکو ئەوانەشی کاری کارداری خۆیان هەیە زیانیان پـێگەیشتووە.

شارەزایانی ئابوری دەڵێن ئەگەر داخستنەکە هەتا مانگی دوو یان زیاتر بەردەوام بێت ئەوا زیانێکی زۆر لە ئابوری ئەمەریکاش دەدات.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ترامپ یاسایەک مۆربکات کە بە پێی ئەو بڕیارە ئەو فەرمانبەرانەی لە میانەی ئەم داخستنەدا موچەیان وەرنەگرتووە پاش کردنەوەی تەواوی حکومەت موچەکەیان پێ بدرێتەوە. بەڵام ڕوون نییە کەی ئەم ڕاگرتنە کۆتایی پێدێت لە کاتێکدا هێشتا سەرۆک ترامپ و دیموکراتەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێک بۆ پەسەندکردنی بودجە.

سەرۆک ترامپ بەردەوامە لە داواکەی بۆ پەسەندکردنی 5 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆنگرێس بۆ دروستکردنی دیواری سەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک. ڕێبەرانی دیموکراتەکان دەڵێن یەک ملیار و سێ ملیۆن دۆلار بۆ هەوڵەکانی ئاسایشی سنوور زیاد دەکەن.

دیموکراتەکان داوا دەکەن ئاژانسەکانی حکومەتی ئەمەریکا بکرێنەوە و پاشان هەردوولا بەردەوامبن لەسەر مشتومڕەکانیان بۆ ئاسایشی سنوور، بەڵام هەتا ئێستا کۆمارییەکان ئەوەیان پەسەند نەکردووە.

XS
SM
MD
LG