سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە نیازە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە دوورگەکانی کووک و نییووەی ڕابگەیەنێت، ئەمەش لە کاتێکدا کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەوڵ دەدات پیشانی ڕابەرانی ناوچەی پاسێفیکی بدات کە ئەمەریکا پابەندە بە زیادکردنی بوونی ئەمەریکاییەکانەوە لە ناوچەکەدا.
ڕاگەیاندنەکە بۆ کردنەوەی نێردەی دیپلۆماسی لە پاسێفیکی باشوور لە کاتێکدایە کە سەرۆک بایدن ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی ڕابەرانی ناوچەکە لە واشنتن، لە لوتکەی کۆڕبەندی ئەمەریکا – دوورگەی پاسێفیکدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت. پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان سەنگ بخەنە سەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە ناوچەکەدا.
بایدن باشکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەی پاسێفیک کردووە بە ئەرکێکی سەرەکی، ئەوەش لە نێوەندی زیادبوونی نیگەرانییەکانی ئەمەریکادا سەبارەت بە زیادبوونی کاریگەرییە سەربازیی و ئابوورییەکانی چین لە ناوچەکەدا. پلانەکان سەبارەت بە باڵیۆزخانەکان لەلایەن دوو بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکاوە پشتڕاست کرایەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی بایدن لوتکەکە بەکاردەهێنێت بۆ پتەوکردنی " پەیوەندییەکان لەگەڵ دوورگەکانی پاسێفیک و تاوتوێکردنی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگییە ئاڵۆزە جیهانییەکاندا، لەوانەش مەترسی گۆڕانی کەش و هەوا، بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری و هاندان بۆ گەشەیەکی بەردەوام."
ڕابەرانی دوورگەکانی پاسێفیک ڕەخنەیان لە وڵاتانی دەوڵەمەند گرتووە لەسەر ئەوەی کاری تەواوییان نەکردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕانی کەش و هەوا، سەرەڕای ئەوەی کە خودی ئەو وڵاتانە خۆیان بەرپرسن لە زۆربەی کێشەکە، هەروەها ڕەخنەیان لێگرتوون لەسەر سوود وەرگرتن لەو قەرزانەی کە دراون بە وڵاتانی لاواز تاوەکو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا کەم بکەنەوە.
لە لوتکەکەی ساڵی ڕابردوودا، کۆشکی سپی ستراتیژی پاسێفیکی ڕاگەیاند، دیدێکی خستەڕوو لەسەر پلانەکانی بۆ یارمەتیدانی ڕابەرانی ناوچەکە لەسەر پرسە گرنگ و بەپەلەکانی وەکو گۆڕانی کەش و هەوا و ئاسایشی دەریایی و پاراستنی ناوچەکە لە زیادەڕۆییکردن لە ماسی گرتندا. بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بەڵێنیدا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئەمەریکا 810 ملیۆن دۆلار لە یارمەتی نوێ بۆ وڵاتانی دوورگەی پاسێفیک دابین بکات، 130 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە تەرخان کراوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا.
کۆڕبەندەکە هەریەک لە ئوستڕاڵیا، دوورگەکانی کووک، میکرۆنیسیا، فیجی، فرەنچ پۆلینیسیا، کیریباتی، ناورو، نیو کالیدۆنیا، نیوزلەندا، نییووەی، پالاو، پاپوا نیو گینی، کۆماری دوورگەکانی مارشاڵ، سامۆوا، دوورگەکانی سۆلۆمۆن، تۆنگا، توڤالی و ڤانواتاو لە خۆدەگرێت.
ڕۆژی دووشەممە سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی میوانداری ڕابەرانی ئەو وڵاتانە دەکات. هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی بایدن بۆ کەش و هەوا جۆن کیربیدا کۆدەبنەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بۆ ئێوارەخوانێک میوانداری ڕابەرەکان دەکەن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا