چەند هەفتەیەکی کەم بەر لە تەواوبوونی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، واشنتن دووبارە هەزاران هێزی سەربازی شەڕکەر ڕەوانەی ئەفغانستان دەکاتەوە بەمەبەستی هێنانە دەرەوەی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکی و هاوپەیمانە ئەفغانیەکانیان لەو وڵاتەدا.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا ئەم هەنگاوەیان ڕاگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدا هێزەکانی ئەفغانستان کە لەلایەن ئەمەریکاوە مەشقیان پێکراوە و کەلوپەلی سەربازییان بۆ دابین کراوە، بەردەوامن لە شکستهێنان لەبەردەم پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تاڵیباندا کە لە کەمتر لە یەک هەفتەدا نزیکەی نیوەی پایتەختەکانی هەرێمەکانی ئەفغانستانیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە.
واپێشبینی دەکرێت لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێردا یەکەمین 3000 هێزە پشتیوانیەکەی ئەمەریکا بگاتە کابوڵ.
1000 سەربازی دیکەی ئەمەریکی ڕەوانەی قەتەڕ کراون، قەتەڕ ناوەندی ئەرکەکانی ئەمەریکا بووە لە ماوەی کشانەوەکەدا، ئەو هێزەش کە ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراوە ئامانج لێی بەڕێکردنی کاروبارەکانی ئەو ئەفغانیانەیە کە داوای ڤیزای تایبەتی کۆچیان کردووە.
هەروەه 3,500 بۆ 4000 سەربازی دیکە ڕەوانەی بنکەکانی ئەمەریکا کراون لە کوەیت، لەوێ لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن وەکو پشتیوانیەک بۆ ئەو هێزانەی ڕەوانەی ئەفغانستان کراون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە جێهێشتنی ئەفغانستان نیە، ئەمە چۆڵکردن نیە. لەڕووی دیبلۆماتیەوە لە ئەفغانستان دەمێنینەوە."
وتی " ئەمە کەمکردنەوەی کارمەندانمانە، ئەمە کشاندنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەمەریکایە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەتوانن لە شوێنێکی دیکەوە کارەکانیان بەڕێوەبەرن."
لەلایەکی دیکەشەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی سەبارە بە بڕیاری زیادکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان وتی " باشترین شت بووە بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی کابوڵ."
وتی " ئەمە ئەرکێکی کاتیە و کارەکە دیاریکراوە، ئەو 3000 سەربازە ئەرکی پاراستنی باڵیۆزخانە و فڕۆکەخانەی حەمید کارزایان پێدەسپێردرێت، ئەوەش بۆ خێراکردنی گواستنەوەی سەرجەم ئەو خەڵکانە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا