Accessibility links

ئەنجومەنی سینات بە زۆرینەی دەنگ ڕێساکانی دادگاییکردنەکەی سەرۆک ترامپ پەسەند دەکەن


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بەیانی ڕۆژی چوارشەممە بڕیارێکی پەسەند کرد تیایدا ڕێسا سەرەکیەکانی چۆنێتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی سەرۆک ترامپ دیاریدەکات.

ڕابەرانی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزەرانی سەرۆک ترامپ لە کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گفتوگۆ دەکەن لەسەر دۆسییەی هەوڵی لەکارلابردنی سەرۆک ترامپ و ئەو بەڵگانە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پێشکەش کراون، یازدە پێشنیاری دیموکراتەکان بۆ چۆنێتی داگاییکردنی سەرۆک ترامپ لەلایەن کۆمارییەکانەوە ڕەت کرانەوە.

پاشان، ئەندامانی ئەنجومەنی سینات 16 کاتژمێریان لەبەردەستدا دەبێت بۆ پرسیارکردن لە هەردوولا، واتە پـرسیارکردن لەو 7 ئەندامە دیموکراتەی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەلایەن نانسی پـلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی ڕۆڵی داواکاری گشتی ببینن و لایەنەکەی دیکە پارێزەرانی سەرۆک ترامپ دەبن، دواتر ئەندامانی ئەنجومەنی سینات دەنگ دەدەن لەسەر ئەوەی ئایا دەیانەوێت گوێبیستی شایەتحاڵ و بەڵگەنامەی دیکە بن یاخود نا.

جێی ئاماژەیە مشتومڕی دوێنێی نێوان ڕابەرانی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجومەنی سینات زیاتر لە 11 کاتژمێری خایاند، ئەوەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی کۆماریـیەکان کە زۆرینەن لە ئەنجومەنەکە، بۆ پـیشنیاری دیموکراتەکان لە بانگهێشتکردنی شایەتحاڵەکان و داوای بەڵگەنامەکان، لەوانە چۆنێتی مامەڵەکردنی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئۆکرانیادا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.

دیموکراتەکان بە توندی ڕەخنەیان لە ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکانیان گرت لەلایەن کۆمارییەکانەوە و وتیان " یاساکان ڕێگە نادەن دەنگدان بکرێت لەسەر بەڵگەنامە و شایەتحاڵ."

هەریەک لە دیموکراتەکان و پارێزەرانی سەرۆک ترامپ تێبینی خۆیاندا لەسەر پێشنیاری 9 و 10 ی دیموکراتەکان، بەڵام بە وردی گفتوگۆیان لەسەر نەکرد بەهۆی ئەوەی کاتەکە گەیشتبووە یەک و نیوی بەیانی.

پێشنیارەکان لە دەنگدانەکەدا ڕەت کرانەوە، بەڵام یەک ئەندامی کۆمارییەکان لە کۆی هەموو پێشنیارەکانی دیکە لەبەرژەوەندی پێشنیاری 10 دەنگیدا.

پێش ئەوەش ئەنجومەنەکە پێشنیاری هەشتەمیشیان ڕەتکردەوە کە دیموکراتەکان لەنێوەندی گفتوگۆ تایبەتییەکان سەبارەت بە دادگاییکردنی سەرۆک ترامپ پێشکەشیان کردبوو.

پێشنیاری هەشتەم داوای دەکرد ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پێشووی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن بانگهێشتی دادگاییکردنەکە بکرێت تاوەکو گەواهی بدات، بەڵام ڕەت کرایەوە.

هەتاوەکو ئێستا هەموو پێشنیارەکانی دیموکراتەکان لەسەر چۆێتی دادگایکردنی سەرۆک ترامپ بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە ڕەت کراونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی گەورەیە لەسەر ئەوەی دادگاییکردنەکە لە بەرژەوەندی سەرۆک ترامپ تەواو دەبێت.

XS
SM
MD
LG