دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکیان ئاشکرا کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و سوپای ڕوسیادا، بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنیشەوە، هەروەها سەپاندنی سزا بەسەر دامەزراوەیەکی بانکی ڕوسیدا ئەگەر مۆسکۆ دوژمنکاری بەرامبەر ئۆکرانیا ئەنجام بدات.
پڕۆژە پێشنیارکراوەکە کە لەلایەن کۆشکی سپیەوە پشتیوانی لێکراوە، بەندێکی تیادایە بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ئۆکرانیا و هاندانی ئەمەریکا بۆ " لەبەرچاوگرتنی سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی لەبەردەستدان و گونجاون " تاوەکو ڕێگە نەدەن هێڵی بۆری گازی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا ( نۆرد ستریم 2 ) چالاک بکرێت.
ڕابەری دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات ڕۆبەرت مێنیندێز کە پڕۆژە یاساکەی ئاشکرا کرد لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم پڕۆژە یاسایە بەتەواوەتی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەستەوەستان نابێت لەکاتێکدا ڕوسیا هەڕەشەی دووبارە داگیرکردنەوەی ئۆکرانیا دەکات."
ڕوسیا نزیکەی 100,000 سەربازی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، ئەمەریکاش هەواڵ دەدات ڕوسیا گرژییەکان کەم بکاتەوە و ئۆکرانیا داگیرنەکات.
پڕۆژە یاساکە کە سەرەتا لەلایەن واشنتن پۆستەوە بڵاوکرایەوە، ئەو کۆمپانیا ڕوسییانە دەکاتە ئامانج کە سیستمی پارێزراوی نامە ناردن پێشکەش دەکەن، لەوانەش سویفت، کە بانکەکان بۆ گۆڕینەوەی زانیاری هەستیار لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی دیکەدا بەکاریدەهێنن.
وتەبێژی مێنیندێز وتی زیاتر لە 24 دیموکرات بە ڕابەری دیموکراتەکان چەک شومەریشەوە پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کردووە.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی وتی " پڕۆژەکە کاریگەرییەکی توندی لەسەر ئابووری ڕوسیا دەبێت " ئەگەر ڕوسیا بەردەوام بێت و ئۆکرانیا داگیر بکات.
لەلایەکی دیکەشەوە پڕۆژەکە پشتیوانی لە سەپاندنی سزا دەکات بەسەر پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا کە بە نۆرد ستریم 2 ناسراوە و 11 ملیار دۆلاری تێچووە، پڕۆژەکە تەواو بووە بەڵام چاوەڕێی پەسەندکردنی دەکرێت لەلایەن ئەڵمانیاوە تاوەکو چالاک بکرێت.
زۆرێک لە دیموکراتەکانی ئەمەریکا پشتیوانیان لە سەپاندنی سزا کردووە بۆ سەر پڕۆژەی نۆرد ستریم 2، کە دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر گازی ڕوسی بە ئۆکرانیادا نەیەت و ئۆکرانیاش ئەو پارەیە لەدەست دەدات کە وەری دەگرت لەسەر ئەوەی گازەکە بە وڵاتەکەیدا تێدەپەڕی، ئەمەش ئۆکرانیا لە بەرامبەری ڕوسیادا لاواز دەکات.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆدلۆدیمێر زیلینسکی باوەڕی وایە سزاکان دەبێت بە زووترین کات بسەپێنرێن بەسەر پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 دا، تەنانەت ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیاش داگیر نەکات.
کەسێکی نزیک لە زیلینسکیەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " پڕۆژەکە هەڕەشەیەکی ماددی و ئابووری بۆ سەر ئەوروپا دروست دەکات. " وتیشی " ئۆکرانیا دژی هەر سیاسەتێکە کە ڕێگە بە ڕوسیا بدات هەڕەشەی داگیرکردن بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی هەرشتێک کە بیەوێت لە ناوچەکانی دیکەدا."
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ماوەی ڕابردوودا وتی پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 ی ڕوسی گرێبەستێکی خراپە بۆ ئەوروپا، وتیشی کاریگەریی ڕوسیا لە ئەوروپا زیاتر دەکات. بەڵام ساڵی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتیەکەی سزاکانی سەر ئەو کۆمپانیایەی لابرد کە پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 جێبەجێ دەکات، لە کاتێکدا کۆشکی سپی هەوڵیدەدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیادا چاک بکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن وتی هەڕەشەی ڕاگرتنی پڕۆژەکە وەکو کارتێکی فشار وایە بەدەست ئەڵمانیاوە دژی ڕوسیا.
پڕۆژەی نۆرد ستریم کە لەلایەن کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕوسییەوە پشتیوانی لێدەکرێت، سوتەمەنی بۆ ئەڵمانیا دابین دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز