Accessibility links

ئەمەریکا دوو ماڵپەڕی حزبوڵڵای عێراق دادەخات


وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەپـێی یاسا 2 ماڵپەڕی حزبوڵڵای عێراقی داخست کە گروپێـکی چەکدارە و لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندایە.

وەزارەتەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی هەردوو ماڵپەڕی Almaalomah.com و r-m-n.net داخران و ناونیشانەکانیان دەستیان بەسەرداگیرا.

ڕاج پاریک بریکاری داواکاری گشتی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڤێرجینیا لەم بارەیەوە وتی نابێت ئنتەرنێت لەلایەن ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانەوە بەکاربهێنرێت وەک ئامرازێک بۆ بە تێرۆرستکردنی خەڵکی و بانگەشەکردن بۆ توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی وتاری ڕق و کینە.

کەڤن کورلاند، بەرپـرسی جێبەجێکردنی یاسا لە ئۆفیسی پـیشەسازی و ئاسایش گوتی کارمەندانی دەزگاکەی هەموو ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی، بەوانەشی لە خزمەتی لەشکریدان. گوتیشی بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ ڕێگەگرتن لە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە بیانیـیەکانی وەکو حزبوڵڵا لەوەی زانست و تەکنەلۆجیا ئەمەریکا بەکاربهێنن بۆ زیان گەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا.

جێی ئاماژەیە گروپی ناسراو بە " كتائب حزب الله" کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە عێراق چالاکە، لەوەتای ساڵی 2009 وە لە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندایە لە ئەمەریکا، ئەمەش پاش ئەوەی ئەم گروپە هێرشی چەکداری لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق ئەنجام دا.

XS
SM
MD
LG